شاخەوانێکی ئەنجومەنی "پاژین" لە شاری بانە، بە سەرکەوتن بەسەر کێوی "دەماوەند"دا، لەسەر لووتکەی بەرزترین شوێنی ئێران، یادی شەهیدانی ژینگەی پاوەی بەرز ڕاگرت.
بەپێ ڕاپۆرتی ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی "پاژینـ"ـی بانە، شاخەوانێکی ئەو ئەنجومەنە بە ناوی "هاوڕێ کەریمپوور"، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی پووشپەڕی ٩٩، پاش هەڵکشان بۆ سەر لووتکەی شاخی "دەماوەند" لە بەرزایی ٥ هەزار و ٦١٠ میتریدا، یادی شەهیدانی ئاگرکەوتنەوەی "بۆزین و مەڕەخێڵـ"ـی پاوەی بەرز ڕاگرت.
ئەو شاخەوانە، هاوڕێ لەگەڵ چەند شاخەوانی دیکەی شاری بانە و شارەکانی دیکە، ئەو چالاکییەی ئەنجام داوە.
ئەوان لەو یادکردنەوەیەدا بەنێری وێنەی ئەو شەهیدانەیان هەڵ کردووە و وەفایان بۆ گیانبازییان نواندووە.
شەهیدان "موختار خەندانی، یاسین کەریمی و بیلال ئەمینی" سێ ژینگەپارێزی خەڵکی پاوە بوون کە لە ئەنجامی هەوڵ بۆ کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی ناوچەی "بۆزین و مەڕەخێڵ" لەو شارەدا گیانیان پێشکەش بە ئاوەدانیی نیشتمان کرد.
پاش شەهیدبوونی ئەو سێ ژینگەپارێزە، خەڵکی کوردستان بە شێوەی جۆراوجۆر یاد و ناوی ئەو ژینگەپارێزانەیان بەرز نرخاند.