٢٧ ڕێکخراوی چەپ و دێموکراتیک پشتیوانیی خۆیان لە خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانی خەڵکی ئێران دەربڕی و ڕایانگەیاندووە کە داکۆکی لە ئیرادەی خەڵکی وەزاڵەهاتوو دەکەن.
ئەو ڕیکخراوانە ڕایانگەیاندووە کە وێڕای پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە بابەت گرانی و مانگرتنی چینە جیاوازەکانی خەڵک و داوای ئازادی بۆ دەسبەسەرکراوان، بۆ لەقاودانی زیاتری خۆپیشاندانەکان لە ڕاگەیەندنەکانی دەرەوەدا چالاکتر دەبن.
ئەو ڕیکخراوانە ڕایانگەیاندووە زیاتر لە چوار دەیەیە کە نەبوونی ئازادیی ڕادەربڕین، کەمیی حەقدەستی کرێکاران، بە پارەییبوونی فێرکردن و دەرمان، سەرکوت و پێشێلکردنی مافی ژنان و دەیان کێشەی دیکە ژیانی لە خەڵک تاڵ کردووە و خەڵک خواستنی لەسەرکار لاچوونی ڕێژیمی دەسەڵاتدار دەکەن.
ئەو ڕیکخراوانە ڕایانگەیاندووە ڕێژیم هیچ ڕێگاچارەیەکی بۆ چارەسەریی کێشەکان پێ نییە و وەکوو هەمیشە بۆ بەربەرەکانێ لەگەڵ ناڕەزایەتی و مانگرتن و خۆپیشاندانەکانی خەڵک لە دەزگای سەرکوتی خۆی کەڵک وەردەگرێت. زیندانەکانی ڕێژیم لە ئێستادا پڕن لە زیندانیی سیاسی و مەزهەبی کە لە دۆخێکی سەختدا ژیان بەڕێ دەکەن.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە چەندین شار و پارێزگای ئێران و کوردستان بەهۆی گرانی و خراپیی دۆخی ئابووریی، خۆپیشاندان بەڕێوە چوو و هێزەکانی ڕێژیم بەرەوڕووی خەڵک بوونەوە و تا ئێستا چەندین کەس کوژراو و بریندار بوونە.