کونفڕانسی کۆمیتەی "قەڵادزێ" سەر بە ڕێکخستنی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەژێر ناوی "بە خۆ ڕێکخستنەوەمان، ڕاسان بەهێزتر و هیواکان گەشاوەتر دەکەین" بەڕێوە چوو.
کاتژمێر ٩:٣٠ی پێش نیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتی ١٧ی ڕەزبەری ١٣٩٩ی هەتاوی، کۆنفڕانسی کومیتەی قەڵادزێ، سەر بە ڕێکخستنی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەژێر ناوی "بە خۆ ڕێکخستنەوەمان ڕاسان بەهێزتر و هیواکان گەشاوەتر دەکەین"، بە ئامادەبوونی "قاسم کەڵەشی" ئەندامی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکرات، "سەلیم زەنجیری" بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردن و بەشداریی زۆربەی ئەندامانی کۆمیتەی قەڵادزێ بەڕێوە چوو.
کۆنفڕانسەکە بە سروودی نەتەوەیی "ئەی ڕەقیب" و خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.
دوای وەرگرتنی دەنگی ڕەوایەتیی کۆنفڕانس لەلایەن بەڕێوەبەرانی کۆنفڕانسەوە، باسێکی سیاسیی پێوەندیدار بە ئێران و کوردستان لەلایەن "قاسم کەڵەشی" ئەندامی ناوەندی سیاسییەوە پێشکەشی بەشدارانی کۆنفڕانس کرا.
ناوبراو لە سەرەتای قسەکانیدا ئاماژەی بە خەباتی حیزبی دێموکرات لە دژی ئەو ڕێژیمە دژی گەلی و تێرۆریستییە کرد کە بە ناسین لە ناوەڕۆک و چییەتی ئەو ڕێژیمە، ئێمە هەر لە سەرەتادا بە "نا" وڵامی ئەو ڕێژیمەمان دایەوە و ئێستا دوای تێپەڕینی زیاتر لە چوار دەیە، تازە هەندێ کەس و لایەن باس لە چییەتی ئەو ڕێژیمە دەکەن.
"کەڵەشی" باسی لەوەش کرد هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچە، ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی ناو ئێران و دۆخی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی ئەم وڵاتە کە لە ئەنجامی سیاسەتە هەڵە و شەرئەنگێزییەکانی ئەو ڕێژیمەدا هاتوونەتە ئاراوە، بە قازانجی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچە و ئازادی گەلانی ئێرانی لێکدایەوە و ڕوونی کردەوە کە وەکوو گەلی کورد و حیزبی دێموکرات بە وردی هەڵسەنگاندنی ئەو دۆخە دەکەین و دەبێ خۆمان بۆ هەر ئەگەرێک ئامادە بکەین.
بڕگەی دیکەی کاری کۆنفڕانس تەرخان کرا بە ڕاپۆرتی کۆمیتەی پێشوو کە لەلایەن "محەممەد پندار" بەرپرسی پێشووی کۆمیتەوە پێشکەش کرا.
دوای تێبینی و ڕەخنە و پێشنیاری بەشدارانی کۆنفڕانس و وڵامدانەوەیان لەلایەن بەرپرسانی پێوەندیدارەوە، هەڵبژاردنی بەڕێوەبەریی نوێی کۆمیتەی قەڵادزێ بەڕێوە چوو و بەرپرس و بەڕێوەبەریی نوێی کۆمیتە دیاری کران.