کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ دانیشتنی ساڵانەی خۆی بەڕێوە برد

18:42 - 7 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ لە دانیشتنی ساڵانەی خۆیدا چەند خاڵی گرینگی تایبەت بە نەتەوەکانی ئێران پەسەند کرد.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە  ڕێکەوتی  ٥ و ٦ی جۆزەردانی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە شاری ستۆکھۆڵم دانیشتنی ساڵانەی خۆی بەڕێوە برد.

لەم دانیشتنە نوێنەرانی ١٣ حیزب و لایەن بەشدار بوون و چەند خاڵی گرینگ تایبەت بە نەتەوەکانی ئێران پەسەند کران.

لەو دانیشتنەدا سەرەتا ڕاپۆرتی سیاسیی دوو ساڵی ڕابردوو لە لایەن "بەختیار عەلیار"، کۆردیناتۆری پێشووی کۆنگرە خوێندرایەوە و دوای تێبینیی بەشدارانی ئەو کۆنگریە ڕاپۆرتەکە بە ھەندێ گۆڕانکاری پەسەند کرا.

پاشان داوای ئەندامەتی یەکیەتیی دێمۆکرات فێدراڵی ئازەربایجان، بیرلیک، پاش پێداچوونەوە لە لایەن ئەندامانی کونگرە پەسەند کرا و بەو شێوە ئەم ڕێکخراوە وەکوو ئەندامی نوێی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ ناسێندرا.

لە درێژەی دانیشتنەکان، بارودۆخی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی نەتەوەکانی ئێران، بارودۆخی ناوچە و سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکی ئێران لە لایەن بەشداربووان شرۆڤە کرا و لەسەر ئەو ئەساسە چوارچێوەی کاریی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ بۆ ساڵی داھاتوو دیاری کرا.

کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ ھەروەھا بڕیارنامەیەکی سەبارەت بە دیاریکردنی سنووری جوغرافیایی نەتەوەکانی ئێران پەسەند کرد ,بەپێی ئەو بڕیارنامەیە دابینکردنی ئەو سنوورانە لە داھاتوودا تەنیا لە ئەستۆی پارلمانی نەتەوەیی- ئیالەتی ئەو نەتەوانەیە.

کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ ھەروەھا بڕیارنامەیەکی بۆ مەحکوومکردنی سزای ئێعدام پەسەند کرد.

کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ ساڵی ٢٠٠٥ی زایینی لە شاری لەندەن دامەزرا و بەربڵاوترین ئێتێلافی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانە.