کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنەکردنەوەی زبڵ لەلایەن شارەدارییەکانەوە کێشەی بۆ خەڵک دروست کردووە

17:50 - 9 رێبەندان 2721

پاش شەپۆلیکی بارینی بەفر کە پارێزگاکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتی گرتەوە، بەهۆی بەڕێوەبەرایەتییەکی ناکارئامە و گەندەڵ لە گشت جومگەکانی دەسەڵاتدا، پاش دوو حەوتوو لەم بەفر بارینە هێشتا زۆرێک لە کوچە و کۆڵانەکانی نێوشارەکان بە تەواوی خاوێن نەکراونەتەوە و یەکێک لەو کێشانەی بۆ خەڵک دروست بووە کۆ نەکردنەوەی زبڵ و پاشماوەکانە.

لە شاری سەقز بەهۆی کۆنەکردنەوەی زبڵەکان لە کۆڵان و گەڕەکەکان زبڵێکی زۆر لە کۆڵانەکان کۆ بووەتەوە و شەوانە دەیان سەگ لەسەر ئەم زبڵانە کۆ دەبنەوە و مەترسیی هێرشی ئەم سەگانە و سیمای ناحەزی کۆڵان و گەڕەکەکان خەڵکی توشی کێشە کردووە.

 لەو شوێنانەش کە زبڵەکان کۆ کراونەتەوە، لە زەویەکی شارەداری لە پشت پاڕکی "لالە"ی ئەو شارە کۆ کراونەتەوە و هەر بەم هۆیەش پەلەوەر و ئاژەڵێکی زۆر ڕوویان کردووەتە ئەو شوێنە کە نیگەرانیی بڵاو بوونەوەی نەخۆشی دروست کردووە.