کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆپێنی ئەلکترۆنیکی، سیاسەتی نوێی ئابووریی ڕێژیم

13:27 - 26 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: دەوڵەتی ڕۆحانی بەنیازە بە مەبەستی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ هەژاری، بۆ ١٠ میلیۆن کەس لە ئێراندا کۆپێنی ئەلکترۆنیکی دەربکات.

ئەحمەد میدەری، جێگری وەزیری تەعاون، کار و خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتیی ڕێژیمی ئێران، وتبووی: "لەم دوو سێ حەوتووی ڕابردووەدا چەند دانیشتنێکیان لەگەڵ بانکی ناوەندی هەبووە و بڕیاریان داوە، هەمان ئەو کارتی بانکییەی کە خەڵک یارانەی پێ وەردەگرن، بیگۆڕن بۆ کارتی کاڵا هەتا هاووڵاتییان بتوانن لە فرۆشگاکاندا بە بەکار‌هێنانی کاڵاکارت کاڵا سەرکییەکانیان وەربگرن".

ناوبراوی بە ئاماژەدان بەوەی کە ئەم کارتانە لە ساڵێکدا ٣ هەتا ٤ جار شارژ دەبنەوە، وتویەتی: "ئەم کارتانە مانگانە بە بڕی ١٠٠ هەزار تمەن شارژ دەبنەوە".

ئەم بەرپرسەی ڕێژیم لە درێژەدا باسی لەوە کردووە، کە لەم پرۆژەدا هاووڵاتییان هیچ پارەیەکی نەختیان پێ نادرێت، لە ئەساسدا ئەم کارتانە تەزمینێکە بۆ گەیشتنی کاڵا سەرەکییەکان هاوردەکراوەکان بە یارانەی ئەرزی، بەو واتایەی بە نرخی دۆلاری ٤ هەزار و ٢٠٠ تمەنی بە دەستی بەکارهێنەران بگات.

موسەوی لارگانی، نوێنەری ڕێژیم لە مەجلیس ئەم کارەی بە ڕێگایەک بۆ تێپەڕین لە بارودۆخی دژواری ئابووری پێناسە کردووە.

لە لایەکی دیکەشەوە، ئەنووشیروان موحسێنی بەندەپی. سەرپەرشتی وەزارەتی تەعاون، کار و خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتیی ڕێژیم باسی لە پێدانی کۆپێن بە یارمەتیخوازانی سەر بە کۆمیتەی ئیمداد و بێهزیستی کردووە.

خستنەسەری بڕی ١٠٠ هەزار تمەن بە کاڵاکارت لە کاتێکدایە، کە خەڵک بە شێوەی ڕۆژانە لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی پێداویستییەکانی ژیان بەرەوڕوو دبنەوە و لە زۆرێک لە سوپرمارکێت و دووکانەکاندا مادە خواردەمەنییەکان بە ڕێژەی ٣٠ لەسەد لە یەک مانگی ڕابردووەوە بەرز بوونەتەوە.