کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی پێشمەرگەیەکی دێرین و ئەندامێكی تێكۆشەری حیزبی دێموکرات

16:48 - 15 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: سەید جەلال حوسێنی ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پێشمەرگەی دێرین و باوکی پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکرات لە ناوچەی ژاوەرۆ ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، \'\'سەید جەلال حوسێنی\'\' پێشمەرگەی دێرین و ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، رۆژی سێشەممە رێکەوتی ١٤ی گەلاوێژی ١٣٩٣ی هەتاوی، بەهۆی پیری و بەساڵاچوویی لە تەمەنی ٨١ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

سەید جەلال حوسێنی ساڵی ١٣١٢ی هەتاوی لە گوندی \'\'بۆڕیەر\'\' سەربە شارستانی سەوڵاوا لە بنەماڵەیەکی ناسراو و دیار لە دایکبووە.

ناوبراو ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی پێوەندیی بە ریزەکانی پێشمەرگەی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران کرد و لە هێزی زریباری مەریواندا سازمان درا.

سەید جەلال کەسێکی تیکۆشەر و دڵسۆز بوو، پیشمەرگەیەکی جێگەی متمانەی حیزب و هاوڕێیان و خەڵکی ناوچەکە بوو.

ئەو ئەندامەی حیزبی دێموکرات بەهۆی دڵسۆزی و لێهاتوویی‌یەوە لەلایەن کۆمیتەی شارستانی مەریوانەوە، بەرپرسایەتیی بەشی تەقەمەنیی پێ سپێردرا.

ناوبراو بەهۆی گیر و گرفتی ژیان و لەسەر ئیزنی حیزب ساڵی ١٣٦٥رۆیشتەوە لای بنەماڵەکەی و وەک ئەندامی حیزب تیکۆشانی خۆی درێژە پێ دا.

سەید جەلال هەر لەو کاتەدا ٢ کوڕی وەک پێشمەرگە لە ریزەکانی حیزبدا خزمەتیان کردووە کە یەکێک لە کوڕەکانی بەناوی سەید عێزەت حوسێنی ئێستاش لە ریزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دایە.

ناوبراو زۆر جار لە بۆنە مێژوویی‌یەکانی حیزبیدا سەردانی بنەماڵەی شەهیدان و زیندانییانی دەکرد و یارمەتی و هاوکاریی دەکردن.

حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەس و کاری و بەتایبەت هاوڕێ \'\'سەید عێزەت حوسێنی\'\' دەکات و خۆی لە خەم و پەژارەیاندا بە شەریک و بەشدار دەزانێت.

رۆحی شاد