کوردستان میدیا: "کۆچەر بیرکار"، براوەی خەڵاتی "فیڵدز" کە خەڵاتێکی نێونەتەوەیی بیرکارییە، خەڵاتێکی تری لە وڵاتی بریتانیادا وەرگرت.
ڕۆژی شەممە، ٨ی پووشپەڕ، پڕۆفیسۆر "کۆچەر بیرکار"، براوەی خەڵاتی 'فیڵدز" کە خەڵاتێکی نێونەتەوەیی بیرکارییە، جارێکی تر لە ڕێوڕەسمێکی تایبەت، لە "لەندەنـ"ـی پێتەختی وڵاتی بریتانیادا، خەڵاتی "ئاڵتوونی گەلـ"ـی ئەو وڵاتەی پێ پێشکەش کرا.
هەروەها، ڕۆژی چوارشەممە، ۷ی خاکەلێوەی ٩٨ی هەتاوی، زانکۆی سەلاحەددین لە شاری هەولێر، لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا، بە بەشداریی بنەماڵەی پڕۆفیسۆر کۆچەر بیرکار، بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەزیری خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان، سەرۆک و مامۆستایانی زانکۆکانی هەرێم و کۆمەڵێک لە هاووڵاتییانی ڕۆژهەڵات و باشووری کورستان، دوکتورای شانازیی بە پڕۆفیسۆر کۆچەر بیرکار بەخشی.
"فەرەیدوون درەخشانی" ناسراو بە "کۆچەر بیرکار"، ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی، لە گوندی "نێـ"ـی سەر بە شاری مەریوان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، چاوی بە دونیا هەڵێناوە و بڕوانامەی کارناسیی بیرکاریی لە زانستگەی تاران وەرگرتووە.
ناوبراو قۆناغی دوکتورای لە زانستگەی "ناتینگهام" لە بریتانیادا تەواو کردووە و لە ساڵی ١٣٨٥ی هەتاوی وەکوو پڕۆفیسۆری بیرکاری لە زانستگەی "کەمبریج" دەستبەکار بووە.