کوردستان میدیا: بیرکاری گەورەی کورد لە پەیامێکدا بێدەنگیی کۆمەڵگای جیهانیی بەنیسبەت جینایەتەکانی داگیرکەران بۆ سەر خەڵکی کوردی ئیدانە کرد و بەرانبەر بەو دۆخە ناڕەزایەتیی دەربڕیوە.
"کۆچەر بیرکار"، بیرکاری گەورەی کورد، لەسەر لاپەڕەی فەیسبووکی خۆیدا، پەیامێکی ڕوو لە کۆمەڵگای جیهانی بڵاو کردەوە کە تێیدا بیدەنگیی کۆمەڵگای جیهانیی سەبارەت بە هێرشەکانی سەر کوردستانی ڕۆژئاوای ئیدانە کردووە.
ناوبراو لە بەشێک لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی: "دنیایەکی زۆر سەیرە. چەند ساڵ لەمەوپێش چەند کەس لە پاریس کوژران، نیوەی دنیا هاوخەمیی خۆیان دەربڕی. ماڵێک سووتا تەواو دنیا هاتنە جۆش. بەڵام ئەوە چەند ساڵە شاری کوردان ئاگرباران دەکرێت و وڵاتی کوردان خاپوور دەکرێت و منداڵی کوردان هەڵدەقرچێت، کەچی خەڵکی ئەم دنیایەش دەڵێی تەماشای فیلم دەکەن".
ئەم پەیامەی "کۆچەر بیرکار" بەڕوونی ڕەخنەیەکە لەسەر کەمتەرخەمیی کۆمەڵگای جیهانی بەنیسبەت پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە کوردستان و بیدەنگی لەمەڕ کوشتار و ژینۆسایدی کوردەکان لە کوردستان.
پاش هێرشەکانی ئەرتشی تورکیە بۆ سەر کوردستانی ڕۆژئاوا، زۆربەی کەسانی ناوداری جیهان لە هەموو نەتەوەکان، پشتگریی خۆیان لە کوردەکان دەربڕی و هێرشەکانی تورکیەیان ئیدانە کرد.