کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆڕی گشتیی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیمی ئێران: ئاگاداری وردەکاریی گرێبەستی ٢٥ ساڵەی نێوان ئیران و چین نین

11:43 - 25 رێبەندان 2721

"مەجید ئەنساری" ئەندامی کۆڕی گشتیی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی: "ئەندامانی ئەو کۆڕە هیچ ئاگادارییەکیان لە وردەکاریی گرێبەستی ٢٥ ساڵەی نێوان ئێران و چین نین و ئیبراهیم ڕەئیسی دەبێ کاکڵەی ئەو گرێبەستە بۆ ڕای گشتی شی بکاتەوە".

"ئەنساری" کە لەگەڵ ماڵپەڕی "دیدەبانـ"ـی سەر بە ڕێژیمی ئێران قسەی کردووە، باسی لەوەش کردووە: "لەنێو ئەدەبیاتی یاسایی بەڵێنییەکانی ئەو گرێبەستە، بەڵگەنامە و هاوشێوەی ئەوانەمان هەیە، بەڵام شتێک لەژێر ناوی "بەڵگەنامەی هاوکاری" نییە.

ناوبراو لە درێژەدا وتوویوتی: "من ئێستاش نازانم مەبەستی گەڵاڵەداڕێژەران لە بەڵگە چییە! ئەگەر مەبەستیان پێشنووس یان یادداشتی لێک تێگەیشتنە ئەوە پرسیارێک دێتە پێشەوە کە ئەویش ئەوەیە، بۆچی ئەو گرێبەستە ناو نانێن یادداشتی لێک تێگەیشتن؟".

هەروەها ئەو ماڵپەڕەی ڕێژیم بڵاوی کردووەتەوە کە شاردنەوەی وردەکارییەکانی ئەو گرێبەستە ٢٥ ساڵەیە لەلایەک و پێکناکۆکیی بەرپرسانی دەوڵەتی لەلایەکی دیکە، خەڵکیان وەدەنگ هێناوە.

پێشتر لە حاڵێکدا کە "حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهییان" وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران باسی لە دەسپێکی جێبەجێکردنی ئەو بەڵگەنامەیە کردبوو، "محەممەدباقر قاڵیباف" سەرۆکی مەجلیسی ئەو ڕیژیمە لەو پەیوەندییەدا وتوویەتی: "هەتا ئێستا گرێبەستێک واژۆ نەکراوە و ئەگەر واژۆ کرا بە مەجلیسی ڕادەگەیەنن".