کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارنامەی مەحکوومکردنی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێرانی پەسەند کرد

19:40 - 26 سەرماوەز 2721

کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی سەرماوەز بڕیارنامەی مەحکوومکردنی دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێرانی بە ٧٨ دەنگی ئەرێنی، ٣١ دەنگی نەرێنی و ٦٩ دەنگی بێلایەن پەسەند کرد.

ئەو بڕیارنامەیە پێشتر لە ٢٦ی خەزەڵوەر لە کۆمیتەی سێهەمی کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان پەسەند کرابوو.

بڕیارنامەی مەحکوومکردنی پێشێلکردنی ئاشکرا و سیستماتیکی مافی مرۆڤ لە ئێران، لەلایەن وڵاتی کاناداوە ڕادەستی نەتەوە یەکگرتووەکان کرابوو کە ٤٧ وڵات پشتیوانییان لەو بڕیارنامەیە کردبوو.

ئەو بڕیارنەمەیە بە ژمارەیەکی زۆر لە حوکمەکانی ئێعدام، دەسبەسەرییە بەربڵاو، سیستماتیک و سەرەڕۆیانەکان، بێبەشکردنی بەئەنقەستی زیندانییان لە دەسپێڕاگەیشتن بە دەرمان و خزمەتگوزاریی پزیشکی، هەڵسوکەوتی نەشیاو لەگەڵ زیندانییان، ئازار و تۆقاندنی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ، کەڵکوەرگرتن لە ئەشکەنجە بۆ دانپێدانان و مەرگە گوماناوییەکان ئاماژەی کردووە.

لەو بڕیارنامەیەدا لەسەر پێویستیی لێکۆڵینەوەی جێی متمانە، سەربەخۆ و بێلایەنانە لە کاردانەوە بە هەموو حاڵەتەکانی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران، یەک لەوان بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، ئێعدامە نایاساییەکان و سڕینەوەی ئاسەواری ئەو چەشنە تاوانانە جەخت کراوەتەوە و داوا کراوە بڕیاردەرانی ئەو تاوانانە لە ڕێژیمی ئێراندا نابێ مافی پارێزاوییان هەبێت.

لەو بڕیارنامەیەدا نیگەرانیی جیددی لەمەڕ درێژەدانی سزای ئێعدام لە سیستمی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ کەسانی ژێر تەمەنی یاسایی دەربڕاوە و داوا لە ڕێژیمی ئێران کراوە ئەو تاوانانە ڕابگرێت.

کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هەروەها داوای لە ڕێژیمی ئێران کردووە هەتا کۆتایی بە هەڵاواردنی ئایینی بێنێت.