کوردستان میدیا: هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی ''فەرهاد خوسرەوەی'' ئەو کۆڵبەرەی کە شەوی دووشەممە، لە بەرزاییەکانی گەردەنەی تەتە لەنێو بەفر و کڕێوەدا ون بووە تاکوو ئێستا بە ئاکام نەگەیشتووە.
شەوی دووشەممە، ٢٥ی سەرماوەز، سێ کۆڵبەر لە بەرزاییەکانی گەردەنەی تەتە لە هەورامان تووشی بەفر و کڕێوە بوون.
ئازاد خوسرەوەی" کوڕی "عوسمان" و خەڵکی گوندی "نێـ"ـی مەریوان، لە بەرزاییەکانی "تەتە"ی هەورامان، بەهۆی سەرمابردووییەوە گیانی لەدەست دا.
"فەرهاد خوسرەوی" تەمەن ١٤ ساڵ برای ''ئازاد خوسرەوی'' لەو ڕووداوەدا ون بووە و تا ئێستا نەدۆزراوەتەوە.
لەو ڕووداوەدا، کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی "حوسێن کەرەمی" بە سەختی تووشی سەرمابردوویی بووە و بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی ناوەندی دەرمانی کراوە.
''محەممەد محەممەدی'' بەرپرسی مانگی سووری پارێزگای سنە سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ ڕزگاریی ئەو کۆڵبەرانەی کە لە بەفر و کڕێوەدا مابوونەوە وتوویەتی: "لەهەوڵی دۆزینەوەی ئەو کۆڵبەرانە لە بەرزاییەکانی تەتە، یەکێک لە کۆڵبەرەکان بەداخەوە لە کاتی گواستنەوەدا گیانی لە دەست دا و یەکێکی دیکەیان ڕەوانەی نەخۆشخانەی سەوڵاوا کراوە."
لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەلایەن خەڵکەوە چەندین بانگەواز لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکاندا بۆ دۆزینەوەی '' فەرهاد خوسرەوی'' بڵاو کراوەتەوە.
هاووڵاتییانی خەڵکی مەریوان و گوندەکانی ئەو شارە و هەورامان، بۆ سێهەمین ڕۆژە کە لە حاڵی گەڕان بە دوای کۆڵبەری بێ سەروشوێن "فەرهاد خوسرەویـ"ـدان کە لە ملەی تەتە بەهۆی سەرما و سۆڵەوە ون بووە.
هەیئەتی شاخەوانیی مەریوان ڕۆژی چوارشەممە،٢٧ی سەرماوەز، ڕایگەیاند کە ١٧ شاخەوانی بەئەزموون لە بەرزاییەکانی تەتە لە هەوڵی دۆزینەوەی ئەم کۆڵبەرەدا بوون، بەڵام هیچ ئاسەوارێکیان نەدۆزیوەتەوە.
بڕیارە هەیئەتی شاخەوانیی مەریوان تێمێکی دیکە بۆ دۆزینەوی ئەم کۆڵبەرە ڕەوانەی ئەو ناوچەیە بکات.
ئەو لەحاڵێکدایە کە لەماوەی دووحەوتووی ڕابردوودا بە پێی ڕاپۆرتەکان ٣ کۆڵبەری کورد بە ناوەکانی ''هادی حوسێنی'' لە ناوچەی سەردەشت، ''عەزیز مەعروفی'' لە ناوچەی شنۆ و ''مێهدی یووسفی'' لە ناوچەی مەریوان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئیران کوژراون.
هەروەها، ''هیدایەت مەحموودی" لە ناوچەی سەردەشت، ''عەلی سابری'' لە ناوچەی پیرانشار، "یادگار ئیسماعیلی" لە بانە، "جەلال خالیدی" لە پیرانشار و "یەعقووب ڕەزایی" بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕێژیم بریندار بوونە.
'' مەنسوور مرادی'' بەناو نوێنەری خەڵکی مەریوان لە مەجلیسی ڕێژیمی ئێران لە کاردانەوە بە بێ سەروشوێنبوونی کۆڵبەران بەم شێوەیە خۆی بێبەری کردووە: '' ئێمە چەندین جار دۆخی کۆڵبەرانمان بە مەجلیس ڕاگەیاندووە و بەدواداچوونی ئەم کێشەیەمان کردووە. لە ڕاستیدا ئەوە دەبێت سەرکۆمار لە بیری کۆڵبەراندا بێت هەتا ئەم ڕووداوە ڕوو نەدات''.
سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کە گرانی، بێکاری و هەژاری و دەیان کێشەی دیکەی خولقاندووە، خەڵکی کوردستان بە تایبەت لاوانی کوردی ناچار کردووە ڕوو لە کۆڵبەری بکەن و ڕێگایەشەوە یان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەرێنە بەر دەسڕێژی گولـلە یان تووشی سەرمابردوویی و بە دەیان کێشەی دیکە دەبن.