کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کێشەی کەمیی ئەنسۆلین هێشتا چارەسەر نەکراوە

18:07 - 10 رەشەمه 2720

ڕاپۆرتی ڕاگەیاندنە نێوخۆییەکانی ئێران باس لە نەمان و کەمبوونەوەی دووبارەی ئەنسۆلین لە زۆربەی شارەکانی ئێراندا دەکات، کێشەیەک کە ماوەیەکی زۆرە بەرۆکی نەخۆشە دیابێتییەکانی گرتووەتەوە.

"محەممەدڕەزا شانەساز" سەرۆکی ڕێکخراوی خۆراک و دەرمان، ڕێکەوتی ٦ی ڕەشەمە وتبووی کە کەمبوونی سەرچاوە داراییەکان و پێنەدانی پارەی گونجاو و لە کاتی خۆیدا لەلایەن بانکەکانەوە هۆکاری سەرهەڵدانی کێشەی کەمبوون و نەبوونی ئەنسۆلینە.

لە بەرانبەردا ڕۆژنامەیەکی سەر بە ڕێژیم نووسیویەتی کە کێشەی نێوان هاوردەکاران و فرۆشیاران لەسەر نرخی ئەنسۆلینە هاوردەکان کێشەی سەرەکییە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، هاوردەکاران لە وڵاتگەلێک وەکوو چین، تورکیە، دانمارک و بریتانیاوە ئەنسۆلین هاوردە دەکەن کە هەرزانتر بوونی ئەنسۆلینی هاوردەکراو لە تورکیەوە بەنیسبەت نموونەکانی دیکەی دانمارک و بریتانیا و کێشەی فرۆشیاران لەسەر نرخی فرۆشتن هۆکاری کێشە لە بڵاوکردنەوەی ئەو دەرمانەیە.

هەمان ڕاپۆرتی ئەو ڕۆژنامەیە باسی لەوە کردووە کە ڕێژیمی ئێران ئەنسۆلینی لە چینیشەوە هاوردە کردووە، بەڵام پزیشکەکان جەختیان کردبووەوە کە بەهۆی ئەوەی کە شەکرەی خوێن بەتوندی دادەبەزێنێت بەکار نەهێندرێت.

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ڕێژیم نزیکەی ٥ و نیو ملیۆن تووشبوو بە نەخۆشیی شەکرە لە ئێراندا بوونی هەیە کە لە ئێستادا ڕۆژانە زیاتر لە ٦٠٠ هەزار کەسیان دەبێ ئەنسۆلین بەکار بهێنن.