کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا: خۆمان بۆ شەڕێکی گەورە لەگەڵ ئامریکا ئامادە دەکەین

10:21 - 18 سەرماوەز 2721

فەرماندەی کەتیبەکانی "سەیدولشوهەدا" بە جەختکردنەوە لەسەر قسەکانی فەرماندەیەکی حەشدی شەعبی لەبارەی هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی ئامریکا وتوویەتی، دوای ئاهەنگی سەری ساڵی نوێی زایینی، خۆیان بۆ شەڕێکی گەورە ئامادە دەکەن.

"ئەبوو ئالا وەلائی" فەرماندەی کەتیبەکانی "سەیدولشوهەدا" کە لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن لە تویتێکدا نووسیویەتی: "بۆ ڕێزگرتن لە مەسیحییەکان ئاهەنگەکانی سەری ساڵی زایینی ڕەچاو دەکەین و ئەگەر ئامریکا مل بۆ کشانەوە لە عێراق نەدا، ئەوا خۆمان بۆ شەڕێکی گەورە ئامادە دەکەین".

کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا گرووپێکی چەکداریی شیعەیە و لە ساڵی ٢٠١٣ی زایینییەوە لە کەتائیبی حیزبوڵڵا جیا بووەتەوە. گرووپەکە لە عێراق، سووریە، لوبنان و یەمەن چالاکیی هەیە و ڕاستەوخۆ لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت.

 کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا پاڵپشتیی مانەوەی "بەشار ئەسەد" دەکات و ساڵی ٢٠١٤ی زایینی هەڕەشەی لە عەرەبستان کرد و ڕایگەیاند: "هەر شتێک سعوودی بێت ئامانجی ئێمەیە لە داهاتوودا و سعوودییە وێران دەکەین".

هەروەها ئەم گرووپە خراوەتە لیستی سزاکانی ئامریکاوە.