کوردستان میدیا: هەواڵدەریی "فارس" سەر بە سپای پاسداران بە بڵاوکردنەوەی بابەتێک، باڵوێزخانەی ئامریکای لە شاری هەولێر بە "نائارامی لە کوردستان" تاوانبار کردووە.
لەو وتارەدا، وێڕای هێرش کردنە سەر کۆنسولگەری ئامریکا لە هەولێر، وەک عادەتی باوی خۆیان پەلاماری حیزبی دێموکراتی کوردستانیش دراوە و بە هەڵبەستنی درۆ و دەلەسە و چەواشەکارانە کۆمەلێک ڕستەی ناڕاستیان لەدوای یەک ڕیز کردووە تا بە خەیاڵی خۆیان لە بزووتنەوەی مافخوازانەی کورد بدەن و بە ئاماژەکردن بە سەفەری ئەم دواییەی ڕێزدار مستەفا هیجری لێپرسراوی گشتیی حیزب بۆ ئامریکا هەوڵێکی نەزۆکیان خستۆتە گەڕ بۆ ئەوەیکە بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات بە ئامرازی دەستی ئامریکا لەقەڵەم بدەن.
لەمبارەوە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لە دووتوێی وتووێژێکدا لەگەڵ کەریم پەرویزی ئەندامی دەستەی کارگێڕی حیزب سەبارەت بەم پرسە ڕاوبۆچوونی حیزبی دێموکراتی پرسیوە و دەڵێ: ئێران ئیدعا دەکات کە حدکا بە هاندانی ئامریکا ئەمساڵ دەست بە چالاکیی زیاتر لە رۆژهەڵات کردووە، ڕای ئێوە لە سەر ئەم ئیدعاییەی ئێران چییە؟ کە بەڕێز پەرویزی بەمسێوەیە وڵام دەداتەوە: ڕێژیمی ئێران هەردەم چالاکیی هەموو خەڵکی ئێران و بەتایبەت خەباتی کوردی لە پێناوی مافە سروشتیەکانیاندا، بە دەسکردی بیانی ناو بردوە. ئەو جۆرە ئیدیعایانە شتێکی نوێ نین و چل ساڵە پروپاگەندەی لەو چەشنە دەکا.
سەردەمانێک چالاکیی کوردی بە هاندراوی ئێمپریالیزم و سەهیوونیزم و یەکیەتیی سۆڤیەت و ... ئەو شتانە دەزانی! لە کاتێکدا ئەو چەند بەرەی دژ بەیەک بوون!
لە سەرەتای سەرهەڵدانی پرۆسەی راسانیشدا جارێک دەیانگوت ئەو دەسکردی عەرەبستانە و جارێک بە هاندراوی ئیسراییلیان ناو دەبرد. ئێستەش دانڵد ترامپیان دۆزیوەتەوە تاکوو تاوانباریی سەرەڕۆییەکانی خۆیانی بخەنە ئەستۆ.
لە وڵامی ئەو پرسیارەشدا کە ئایا ئامریکا پشتیوانی لە چالاکییەکانی حیزب دەکات یان نا ئەم ئەندامەی دەستەی کارگێڕی بەم شێوەیە وڵام دەداتەوە: ئێمە داوا لە دەوڵەت و نەتەوە و رێکخراوە مەدەنیەکانی ئامریکا و وڵاتانی دێموکراتیکی جیهان و ئەو هێزانەی کە خەمی ئازادی و دادپەروەییان هەیە کردوە و دەکەین کە یارمەتیدەرمان بن بۆ گەیشتن بە ئازادی.
تا ئێستاش بەداخەوە پشتیوانیەکی ئەوتۆ لە لایەن دەوڵەتی ئامریکاوە و بۆ خەباتی کورد لە کوردستانی رۆژهەڵات نەکراوە و ئەوە بە ڕەخنەیەک لە سەر ئامریکا و دەوڵەتەکەی دەزانین کە دەبێ یارمەتیدەری گەلان بۆ گەیشتن بە ئازادی و ئاشتییەکی دادپەروەرانە بێ.
ئێمە ئەگەر ئامریکا و هەر وڵاتێکی دیکە پشتیوانیمان بکا، پێشوازی لێ دەکەین.
هەروەها دەڵێ: ئێمە هیوادارین کە کۆنسوولگەری و وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا و وڵاتانی دیکەش پشتیوانیی سیاسی لە خەباتی کورد لە کوردستانی رۆژهەڵات بکەن.
پلانی جموجۆڵی پێشمەرگە و تاکتیک و ستراتژیی نیزامی و سیاسی، بۆ خۆمان دایدەڕێژین و کەس بۆمانی دیاری ناکا!
ئەو جۆرە ئیدیعا و پڕۆپاگەندانە تەنیا بەو مەبەستەیە کە خۆیان لە ئەسڵی بابەتەکە بدزنەوە کە لە ئێراندا پرسی نەتەوەکان هەیە و کۆماری ئیسلامی سەرچاوەی هەموو نەهامەتییەکانی خەڵکانی ئێرانە.