کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زەڕینە؛ کەسانی هەلپەرست بە هاوکاریی دەستوپەیوەندییەکانی ڕێژیم لە هەوڵی دزینی ئاسەوارە مێژووییەکانی کوردستانن

17:15 - 23 سەرماوەز 2721

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی "کوردستان میدیا"، لەنێوان گوندەکانی "قەڵاتەڕووتەڵە" و "ئایەجانـ"ـی  ناوچەی زەڕینەی پارێزگای سنە، ئاسەوارێکی زۆری مێژوویی پێکهاتوو لە "زێڕ" و "زیو" دۆزراوەتەوە کە ئەگەری هەیە لەلایەن کەسانی هەلپەرست و دەستوپەیوەندییەکانی ڕێژیمەوە بە تاڵان ببرێن.

بەپێی زانیارییەکان چەند کەسی چەکدار و ئاسایی لە بۆکانەوە بە مەبەستی بە تاڵانبردنی ئەو ئاسەوارانە سەردانی ئەو شوێنەیان کردووە، بەڵام بەر لەوەیکە ئەو کەسانە بتوانن هیچ ئاسەوارێک بدۆزنەوە، کۆمەڵێک لە خەڵکی گوندی "قەڵا ڕووتەڵە" ئاگادار دەبنەوە و پێشیان پێ دەگرن.

ئەو کۆمەڵە کەسە داوا لەو کەسانە دەکەن کە ئەوانیش بکەن بە هاوبەشیان، بەڵام تاڵانچییەکان قەبووڵی ناکەن و بەهۆی ئەوەیکە چەکدار بوونە تەقەیان لێ دەکەن. شەڕ و کێشەی نێوانیان گەورە دەبێت و ڕێژیم لێی ئاگادار دەبێتەوە.

لە ئێستادا بەشێک لە هاووڵاتییانی نیشتماندۆست نیگەرانی ئەوەن کە ئەو ئاسەوارانە بکەونە دەستی ڕێژیم و بە تاڵان ببرێن.

کوردستان ئاسەوارێکی زۆری مێژوویی لێیە کە نەیاران بۆ سڕینەوەی مێژوو و شوناسی کورد بەردەوام بە یارمەتیی کەسانی سەر بە ڕێژیم هەوڵ دەدەن ئەو ئاسەوارانە بدۆزنەوە و بە تاڵانیان ببەن.