کاک "ئەحمەد کاکەمەمی" کەسایەتییەکی تێکۆشەر و خەباتکار، خەڵکی "مەهاباد" و دانیشتووی "سوئید" کۆچی دوایی کرد.
ڕێکەوتی ٢٤ی گەلاوێژ لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ستۆکهۆڵم دڵی گەورە و پڕ لە ئەوینی کاک "ئەحمەد کاکەمەمی" تێکۆشەری ناوچەی موکریان لە لێدان کەوت و کۆڕی یارانی بەجێ هێشت.
كاک ئەحمەد ساڵی ١٣٢٨ی هەتاوی دوای کەشوهەوای کۆمەڵەی " ژێ.کاف و کۆمار" لە گوندی "سیاقۆڵی خوارێ"، ناوچەی مەنگووڕایەتیی مەهاباد لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر لەدایک بووە. پاشان ماڵیان چووەتە "زیندان دەرێ" و کاک ئەحمەد وێڕای کار و تێکۆشانی ڕۆژانە چووەتە قوتابخانە و فێری خوێندن بووە.
كاک "ئەحمەد" لە هەڕەتی لاویەتیدا تێکەڵ بە بیری کوردایەتی بووە و بەهۆی ئەوەی دەڤەرەکەیان شوێنگەی تێکۆشەرانی ٤٧/٤٦ بووە لەگەڵ بیر و باوەڕ و ڕێبازی حیزبی دێموکرات ئاشنا بووە.
تێکۆشەری زمانزان بۆ درێژەدانی خویندن چووەتە مەهاباد و لەوێ دیپلۆم و فەوقی دیپلۆمی لە بواری "خاکناسی" لە ورمێ وەرگرتووە. هەر لە مەهاباد کاک ئەحمەد لە ئامووزش و پەروەرش دامەزراوە و ژیانی هاوبەشی لەگەڵ خاتوو "سورەیا" پێک هێناوە.
پاش سەرکەوتنی شۆڕشی ئێران و ئاشکرابوونی حیزبی دێموکرات، بە ئەندامی شۆرای شاری مەهاباد هەڵبژێرا و هاوکات وەک ئەندامی حیزب دەستی بە تێکۆشان لە ڕێی گەل و نیشتمان کردووە و وەک ئەندامی کۆمیتە شارستانی مەهاباد خەریکی تێکۆشان بووە.
دواتر کە سەنگەر لە شارەوە بۆ چیاکان گوازرایەوە، کاک "ئەحمەد" وێڕای خەباتی پێشمەرگانەی بەرگریکارانە، لە سەنگەری داکۆکی لە زمان و ئەدەبی کوردی، حەز و خولیا و دەروەستیی خۆی لە ئاست وشەی کوردی پەرە پێ دا و لە کۆڕی پەروەردە و فێرکردنی شۆڕش چالاکانە دەوری گێڕا.
پاش چەند ساڵ لە بنکەی ناوەندیی حیزب لە ئۆرگانە جیاوازەکاندا ئەرکی وەئەستۆ گرتووە و سەرئەنجام ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی نیشتمان بەجێ دەهێڵێت و لە وڵاتی سوئید گیرسایەوە.
لە سوئیدیش بەردەوام لە دوو بواردا واتە بواری سیاسی و ئەدەبی تێکۆشانی هەبووە و ماوەیەکی دوورودرێژ لە کۆمیتەی گشتیی حیزب لەو وڵاتە دەوری کاریگەریی هەبوو و هاوکات لە نووسین و لێکۆڵینەوە نەوەستا و ئەرکی پەروەردەی سێ جگرگۆشەکانی، ساکار و سونگەر و سۆما، بە باشی بەڕێوە برد.
کاک "ئەحمەد" وەک مامۆستای کوردی لە خوێندنگەکانی شوێنی ژیانی لە سوئید وانەی کوردیی بە منداڵان وتووەتەوە و بە شانازی و عەلاقەوە ئەو ئەرکەی ئەنجام داوە.
سێ بەرگ کتێبی کوردی بۆ خویندنی سەرەتایی و ناوەندی بە ناوی "گوڵەبەهارە" بۆ منداڵانی نووسیوە و چاپیانی کردووە و جگە لەوەش بەردەوام خەریکی لێکۆڵینەوە بووە لەسەر وشەی کوردی کە چوونەتە نێو زمانەکانی دیکەوە.
تێکۆشەر کاک "ئەحمەد" کۆمەڵێک نووسین و بابەت و لێکۆڵینەوەی تری لێ بەجێ ماون کە بە چاپ نەگەیشتوون.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری کاک "ئەحمەد" دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.