کوردستان میدیا

پێنجشەممه 19ی پووشپەڕ 2720
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەسایەتییەکی خۆشناو لە "پیرانشار" کۆچی دوایی کرد

12:11 - 3 پووشپەڕ 2720

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢ی پووشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی، کەسایەتییەکی خۆشناو و نیشتمانپەروەر بە ناوی حاجی سەید "تەها سەید ئەحمەدی"، خەڵکی شاری "گردکشانە"ی پیرانشار، دوای تەمەنێک پڕسەروەری لە تەمەنی ٩٩ ساڵیدا، ماڵاوایی لە ژیان کرد.

حاجی سەید "تەها" کەسایەتییەکی جێ ‌بڕوا و نیشتمانپەروەری ناوچەی لاجانی پیرانشار و خاوەن پێگەیەکی بە‌هێزی کۆمەڵایەتی بووە.

کوڕێکی حاجی سەید "تەها" بە ناوی سەید "ڕەسووڵ سەید ئەحمەدی"، یەکێک لە فەرماندەکانی حیزبی دێموکرات بووە.

سەید "رەسووڵ" چەند دەورە ئەندامی ڕێبەرایەتیی حیزب بووە و ئەرکی فەرماندە هێزیی لە هێزەکانی "ئاوارە"، "قەندیل" و "ئاگری" لە ئەستۆوە بووە و لە مەتەرێزی خەباتدا بەوپەڕی دڵسۆزییەوە ئەرکی حیزبیی خۆی بەڕێوە دەبرد.

حاجی سەید "تەها" بەهۆی ئەو هەموو لێهاتوویی و چالاکییانەی کە سەید "ڕەسووڵـ"ـی کوڕی لەنێو حیزبدا بوویەتی، زۆرجار لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیم لە پادگانی "پەسوێ"، ڕەوانەی ئیتلاعاتی "پیرانشار" و "ورمێ" کراوە و لەژێر ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆردا داوای هاوکاری و هێنانەوەی کوڕەکەی لێ دەکرا، بەڵام ناوبراو هەرگیز ملکەچی ویست و داخوازییەکانی ڕێژیمی داگیرکەری ئیسلامیی ئێران نەبووە و بەڵکوو هەمیشە هاندەری ڕۆڵەکەی بۆ درێژەدان بە خەبات بۆ گەلەکەی بووە.

حاجی سەید "تەها" بەهۆی ئازار و ئەزییەتدانی لەلایەن ڕێژیمی ئاخوندییەوە، بە ناچار زێدی خۆی بەجێ ‌هێشتووە  و ڕووی کردووەتە گوندی "ئەندێزێ" و دواجاریش لە شاری "پیرانشار" نیشتەجێ بووە.

ئەو کەسایەتییە نیشتمانپەروەرە هەتا دواساتەکانی ژیانی بە ڕێبازی شەهیدانی کوردستان وەفادار مایەوە.

تەرمی حاجی سەید "تەها سەید ئەحمەدی" لە ناوچەی شاری "پیرانشار" لە گۆڕستانی "کۆنەخانە" بە خاکی پیرۆزی نیشتمان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.