کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر و خۆشناو لە تەنگیسەر ماڵاوایی لە ژیان کرد

17:22 - 26 رێبەندان 2720

کاک ''عارف ئەحمەدی'' ناسراو بە ''خاڵە عارف'' کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر و خۆشناوی خەڵکی  تەنگیسەر، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢١ی ڕێبەندان کۆچی دوایی کرد.

پاش شۆڕش و دەستپێکردنی خەباتی ئاشکرای حیزبی دێموکرات و گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچەکانی کوردستان، ماڵ و باخەکەی کاک ''عارف'' کرا بە جێگای حەسانەوە و خزمەتکردنی هێزی پێشمەرگە.

ناوبراو لەلای حیزبی دێموکراتەوە کەسێکی متمانەپێکراو بووە و زۆر ئەرکی گرینگی پێ سپێردراوە. کاک ''عارف'' چەندین جار لەلایەن حیزبی دێموکراتەوە پێشمەرگەی برینداری پێ سپێردراوە وهەتا کاتی چاکبوونەوەیان خزمەتیانی کردووە.

''خاڵە عارف'' بەهۆی نیشتمانپەروەرییەوە چەندین جار لەلایەن جاش و پاسدارانی ڕێژیمەوە هەتا ئاستی مەرگ ئەشکەنجە کراوە.

لە کاتی بە کۆمەڵ سووتاندنی ماڵ و هەوارەکانی نییەر و تەنگیسەر لەلایەن ڕێژیمەوە، ماڵی ناوبراویش سووتێنراوە و هەموو کەلوپەل و پێداویستییەکانی ژیانیان وێڕای چەندین سەر مەڕوماڵات بە زیندوویی بە دەستی جاشێک بە ناوی '' محەممەدئەمین کەڵاتێ'' سووتێنراوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.