ڕۆژی هەینی ٢٠ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی، مامۆستا مەلا "محەممەد ڕەمەزانی"، خەڵکی "باینگان" سەر بە شاری "پاوە" کۆچی دوایی کرد.
مامۆستا مەلا "محەممەد ڕەمەزانی" لە ساڵی ١٣٠٥دا لە بنەماڵەیەکی کوردپەروەر لە "باینگان" لەدایک بووە، تەمەنی منداڵیی وەک هەموو هاوتەمەنەکانی خۆی ئاسایی تێپەڕاندووە و بۆ خوێندن ڕووی لە باشووری کوردستان کردووە.
مامۆستا مەلا "محەممەد" لە شارەکانی "هەڵەبجە و بیارە” دەستی بە خوێندنی ئایینی کردووە و لەلای زانایانی ئایینیی ئەو دەڤەرەوە پلەی باڵای خوێندنی ئایینیی تەواو کردووە و پاشان گەڕاوەتەوە شاری "سنە"، لەوێش ماوەیەک خوێندنی ئایینیی درێژە پ ێ داوە و دوایی چووە بۆ "تاران" و وەکوو بەڕێوەبەری قوتابخانەی دواناوەندی و دواتر لە زانکۆکانی "تاران" وەکوو مامۆستای زانکۆ خزمەتێکی گەورەی بە ئۆگرانی ئایین و عیرفان کردووە.
مامۆستا لە کۆتایی ساڵەکانی ١٣٥٠ی هەتاوی گەڕایەوە ناوچەی "هەورامان" و لە ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان وەکوو بەرپرس و مامۆستا خزمەتی کردووە.
ساڵی ١٣٥٧ لە شۆڕشی گەلانی ئێراندا، مامۆستا مەلا "محەممەد ڕەمەزانی" کەسێکی ئازا و نەترس و بەهەڵوێست بووە، بیر و باوەڕێکی کوردانە و نیشتمانپەروەرانەی هەبووە.
هەرچەند لەو سەردەمەدا ڕێژیم هەوڵی زۆری داوە کە مامۆستا تێکەڵی سیاسەتە دژەگەلییەکانی خۆی بکات بەڵام ئەم کەسایەتییە بەهەڵوێستە بە هیچ جۆرێک تێکەڵی سیاسەت و هەوڵە پیلانگێڕییەکانی ڕێژیم نەبوو و تا کۆتایی ژیانی بە سەربەرزییەوە ژیا و بەردەوام لە هەوڵی پەروەردە و پێگەیاندنی ڕۆڵەکانی کورد و گەلانی ماف پێشێلکراوی ئێراندا بووە.
تەرمی مامۆستا مەلا "محەممەد ڕەمەزانی" لە زێدەکەی خۆی بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکار و خەڵکی تێکۆشەری "باینگان" و هەروەها ئەو کەسانەی لەژێر سێبەری کۆچکردوودا پێگەیشتوون دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.