کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەسایەتییەکی نیشتیمانپەروەری شاری گێڵان کۆچی دوایی کرد

12:10 - 12 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: پیاوی ئاشتەوایی و بەخشین، ئیلخانی کەلهوڕ، "شێرزاد شێرزادی" ناسراو بە "شێرزاد خان" لە شاری گێڵان دڵە بەخشندەکەی بۆ هەمیشە لە لێدان کەوت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، "شێرزاد خانی شێرزادی" گەورە پیاو و ناوداری شاری گێڵان لە پارێزگای کرماشان، ناسراو لە هەموو شار و گوندەکانی کرماشان و ئیلام، پیاوی دیار و سەرداری مەجلیسە پڕ لە کێشە و گرفتەکان، ماڵاوایی لە ژیان کرد.

ئەو کەسایەتییە ناودارە لە درێژایی تەمەنیدا زۆر کێشەی کۆمەڵایەتی، عەشیرەیی و بنەماڵەیی کە تەنانەت  بە یاساش چارەسەر نەکرابوون، چارەسەر کردبوو. شێرزاد خان وەک پیاوخاس و ناودارێک گرێکەرەوەی کێشە قورسەکان بووە و بە پیاوی ئاشتیخواز ناوی دەرکردبوو.

"شێرزاد خانی شێرزادی" کەسایەتییەکی کوردپەروەر، تێکەڵاو بە خەڵک و خاکی بووە و کەمتر کەسێک هەیە کە لە شارەکانی گێڵان، ئەیوان، قەسر، سەرپێڵ، هارویناوا، کرماشان، داڵاهوو و هەتا "ئیلام‌"یش نەیانناسیبێت.

ناوبراو هەمیشە دەیوت: "دەبێ ئەمجارە ئێمە ئاڵاهەڵگری کوردستان بین و بۆ کوردایەتی و کوردستان ئەوەی کە لە دەستمان دێت درێغی نەکەین".

ئیلخانی کەڵهوڕ لە ڕۆژی دووشەمە، ١١ی سەرماوەز، پاش ١٠ ڕۆژ نەخۆشیی کوتوپڕ، ماڵاوایی لە ژیان کرد.

تەرمی خوالێخۆشبوو ڕۆژی سێشەممه کاتژمێر ٢ی دوانیوەڕۆ لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەکە و بە بەشداریی سەدان کەس لە شاری گێڵان بە خاکی پیرۆزی نیشتمان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری خوالێخۆشبوو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.