کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەسایەتیێکی جێگەی ڕێزی خەڵکی هەورامان کۆچی دوایی کرد

12:22 - 8 خەزەڵوەر 2720

ڕێکەوتی ٨ی خەزەڵوەری ١٣٩٩ی هەتاوی، کاک "نەسرەدین ساڵح" لە یەکەمین مامۆستاکانی دەبیرستانەکانی ناوچەی پاوە و پارێزگای کرماشان و هەروەها کەسایەتیی جێگای ڕێزی ناوچەی هەورامان، دوای بیست ساڵ بەربەرەکانێ لەگەڵ نەخۆشیی پارکینسۆن لە شاری سنە کۆچی دوایی کرد.

ناوبراو لە ساڵی١٣٢٣ هەتاوی لە شارۆچکەی "نۆتشە" لەدایک بووە و لە ساڵی ١٣٥٤ لە زانکۆی تاران لیسانسی لە ئەدەبیاتی ئینگلیزی وەرگرتووە. لە ماوەی زیاتر لە سی ساڵ خەریکی وانەوتنەوە بووە و خزمەتی بە خوێندکارانی پارێزگای کرماشان کردووە.

کاک "نەسرەدین ساڵح"، چ لە کاتی خوێندکاریدا و چ لە سەردەمی مامۆستایەتیدا یەکێک لەو کەسانە بووە کە دژی حکوومەتی پاشایەتی خەباتی کردووە. لە سەردەمی شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە لەگەڵ کۆمەڵێک مامۆستای ناوچەی هەورامان، رێکخراوێکی سیاسیی بە ناوی "کۆمەڵەی بەرگری لە ئارمانجەکانی گەلی کورد" دامەزراندووە.

سێ کوڕی ناوبراو لە ڕیزەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێراندا خەریکی خەبات و تێکۆشانن، هەروەها کۆمەڵێکی زۆر لە خوێندکارانی لەنێو ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و ژمارەیێکی بەرچاویان لەنێو ڕیزی شەهیدانی کوردستانن.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری کاک "نەسرەدین ساڵح" دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.