کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٧ کەس بۆ بەربژێریی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماریی ئێران دەسنیشان کران

12:39 - 5 جۆزەردان 2721

ستادی هەڵبژاردنەکانی وەزارەتی نێوخۆی کۆماری ئیسلامی ڕۆژی سێشەممە ٤ جۆزەردان، لیستێکی ٧ کەسی لەو بەربژێرانە کە دەسنیشان کراون بڵاوکردەوە کە ناوەکانیان لەلایەن هەواڵدەریی فارس سەر بە سپای پاسداران ڕاگەیەندرا.

ناوی ئەم ٧ کەسە کە لەلایەن شۆرای نیگابانەوە پەسەند کراون بریتین لە: ''ئیبراهیم ڕەئیسی، موحسین ڕەزایی، موحسین مێهر‌عەلیزادە، سەعید جەلیلی، عەلیڕەزا زاکانی، عەبدولناسر هیمەتی و ئەمیرحوسێن قازی‌زادە هاشمی.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە تەنانەت کەسانێک کە لە سیستمی دەسەڵاتداریی ڕێژیمی ئێران پلە و پایەی گەورەیان هەیە شیاوبوونیان بۆ بەربژێری سەرکۆماری ڕەت کراوەتەوە و ئەمە ئاشکرای دەکات کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئاڵقەی یارانی ڕێبەری ڕێژیمی ئیسلامی و نزیکانی دەسەڵات بەرتەسکتر دەبێتەوە.

دوای کۆتاییهاتنی لێکۆڵینەوەکانی لێهاتوویی و شیاویی بەربژێرەکانی سەر‌کۆماریی لە شۆرای نیگابان، هەواڵدەری ''فارس'' ڕایگەیاند کە بەربژێریی ''لاریجانی، ئەحمەدی‌نژاد و جەهانگیری'' پەسەند نەکراوە.  

مەحموود ئەحمەدی‌نژاد لە کاردانەوە بە ڕەدکردنەوەی لەلایەن شۆرای نیگابانەوە وتوویەتی کە لەمەوبەدوا نهێنییەکانی ڕێژیم ئاشکرا دەکەم.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ٢٨ی جۆزەردانی ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی لەکاتێکدا بۆ جارێکی تر شانۆی بەناو هەڵبژاردنەکانی خۆی بەڕێوە دەبات کە لەگەڵ قەیرانی ڕەوایی بەرەوڕووە.

لە دواڕاپرسییەک کە لەسەر بەشداریکردنی خەڵک لە هەڵبژاردنەکان ئەنجام دراوە، تەنیا ٢٧ لەسەدی خەڵک لە هەڵبژاردنەکاندا بەشداری دەکەن.

زۆربەی حیزب و لایەنە سیاسییەکان، کەسایەتییەکان و تەنانەت کەسانێک کە لە دەسەڵاتی ڕێژیمی ئێران نزیکن هەڵبژاردنەکانی ئێرانیان بایکۆت کردووە.