کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەشتییەکی ئێرانیی هەڵگری سووتەمەنیی قاچاخ لەلایەن "کوەیتـ"ـەوە دەستی بەسەردا گیرا

17:58 - 1 جۆزەردان 2722

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٣١ی بانەمەڕی ١٤٠١، وەزارەتی نێوخۆی کوەیت ڕایگەیاند کە دەستیان بەسەر کەشتییەکی ئێرانیی هەڵگری ٢٤٠ تۆن سووتەمەنیی قاچاخدا گرتووە، هەروەها هەشت مەلەوانی ئەو کەشتییەشیان دەسبەسەر کردووە.

ئەو وەزارەتە ڕایگەیاندووە کە ملەوانانی ئەو کەشتییەیان لە کاتێکدا دەسبەسەر کردووە کە خەریکی کڕینی سووتەمەنی لە کەشتییە بچووکەکان بە نرخی دیاریکراو بوونە و لێکۆڵینەوەکان لەوبارەوە بەردەوام دەبن.

هەروەها ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٣١ی بانەمەڕی ئەمساڵ، ڕۆژنامەیەکی کوەیتی لە زاری چەند سەرچاوەی ئەمنییەتییەوە بڵاوی کردبووەوە کە کۆمەڵێک مەلەوانی ئێرانی دانیان بەوەدا ناوە کە سووتەمەنیی قاچاخیان لە کوەیت کڕیوە و ویستوویانە کە ئەو بارانە لە یەکێک لە وڵاتانی کەنداودا بفرۆشن.

تا ئێستا لەسەر ئەو ڕووداوە، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران کاردانەوەیەکیان نیشان نەداوە.

ئەو ڕۆژنامەیە هەروەها بڵاوی کردووەتەوە کە دەسبەسەرکراوانی ئێرانی بڕیار وایە بدرێنە دادستانی کوەیت و ڕووبەڕووی دادگا بکرێنەوە.