کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەشتییەکی ئێرانی لە کاتی بارگیریی چەکوچۆڵ، لەلایەن ماهوارەکانی ئیسراییلەوە بینراوە

13:11 - 6 سەرماوەز 2712

کوردستان میدیا: ماهوارەکانی ئیسراییل کەشتییەکی ئێرانی کە خەریکی بارگیریی چەکوچۆڵ و کەرەسەی جەنگی لە بەندەر عەباس بووە بینیوە.
رۆژنامەی ساندەی تایمز بڵاوی کردەوە، کارناسانی ئەمنیتی لەو بڕوایە دان کە ئەم چەکوچۆڵە، لە رێگەی دەریای سوور ــ سوودان ــ میسرەوە بۆ غەزە رادەگوێزرێت.
سەرچاوە ئەمنیەتییەکان بەم رۆژنامە بریتانیایەیان راگەیاندووە، ئەم بارە لە رێگەی ناسراوی قاچاخی چەکوچۆڵ، لە ئێرانەوە بۆ سوودان و میسر رادەگوێزێت.
بەپێی ئەم راپۆرتە ناوگانێکی ئێرانی لە قەراخ‌ ئاوەکانی ئیریترە جێگیر کراوە هەتا هاوکات بە گەیشتنی ئەو کەشتییە بۆ دەریای سوور، بارەکە بپارێزێت.
دەوترێ ئەم کەشتییە چەندین مووشەکی فجر ــ ٥ی بارگیری کردووە و ئەگەری ئەوەش هەیه کەرەسەکانی مووشەکی شهاب ــ ٣ش رەوانەی سوودان بکات هەتا لەو وڵاتە لەسەر یەک بخرێنەوە.
سەرچاوەکە ئاشکراشی کردووە، تلاڤیڤ راگواستنی هەرچەشنە چەکوچۆڵێکی رێژیمی ئێران بۆ غەزە، دەکاتە ئامانجی مووشەکەکانی.

مووشەکی فجر ــ ٥ دروست کراوی ئێران و توانای پێکانی ئامانجەکانی هەتا مەودای ٧٥ کیلۆمیتری هەیە و گرووپی حەماس خاوەنی ١٠٠ دانە لەو مووشەکانەیه.

حەماس لەم دواییانەدا و لە کاتی شەڕ لەگەڵ ئەرتشی ئیسراییل ئەو مووشەکانەی بەکار هێناوە، بەپێی وتەکانی کارناسانی نیزامیی تەنیا کەسانێکی زۆر شارەزا و مەشق پێکراو دەتوانن مووشەکی فجر ــ ٥ بەکار بێنن.

ناوەندە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسراییل رایانگەیاندووە، ئەو مووشەکانە لە ئێرانەوە رەوانەی سوودان دەکرێن و دواتر دەبردرێنە وڵاتی میسر و دەست و پێوەندییەکانی حەماس لەوێ‌ ئەو مووشەکانە پارچە پارچە دەکەن و لە رێگا نەهێنییە ژێر زەوییەکانەوە دەیبەنە فەلستین و لەئاکامدا بەدەستی حەماس دەگات.