کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەلانتەری: ٨٠ لەسەدی دەشتەکانی ئێران وشک بوونە

12:39 - 7 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسی ڕێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران، دیسان ئامارێکی دەڵتەزینی لە وشکەساڵی بڵاو کردووەتەوە.

عیسا کەلانتەری، بەرپرسی ڕێکخراوی پاراستنی ژینگەی ئێران، لە نوێترین لێدوانی خۆیدا لە یەکێک لە کاناڵە تەلەفزیۆنییەکانی ڕێژیم، باسی لەوە کردووە کە ٨٠ لەسەدی دەشتەکانی ئێران وشک بوونە و قەیرانی وشکەساڵی و کەمئاوی لە ئێراندا، لەوپەڕی نالەباریدایە.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم، لە وتەکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە دەبێت کردەوەی تایبەتمان هەبێت لە پێناو قەیرانی ئاو و باسی لەوە کردووە، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵانە نزیک بە ٢٠٠ میلیارد یورو دەدات بە وڵاتان بۆ پاراستنی ژینگە و پاراستنی ئەو سەرچاوانەی کە بەرەو لەنێوچوون دەچن.

کەلانتەری وتوویەتی لە ئێرانیشدا دەبێت گرنگترین و سەرەکیترین قەیرانی سروشتی کە کەمئاوییە چارەسەر بکرێت؛ لە درێژەی قسەکانیشیدا ئاماژەی بە هۆکارەکانی قەیرانی کەمئاوی کردووە و وتوویەتی: بەڕێوەبەری هەڵە و بەنداوسازی لە ڕادەبەدەر و ناکارناسانە هۆکاری سەرەکی قەیرانی کەمئاوییە لە ئێراندا و ئاکامی ئەو پرۆژانە بووەتە هۆی لەنێوچوونی ئاوە ژێرزەوینی و ڕووزەوینییەکان کە وشکبوونی ٨٠ لەسەدی دەشتەکانی ئێرانی لێکەوتۆتەوە.

عیسا کەلانتەری هەموو جارێک باس لەوە دەکات کە بەڕێوبەری هەڵە هۆکاری سەرەکی قەیرانەکانە، و تەنیا هەنگاوی بۆ پرسی ژینگەی ئێران تاوانبارکردنی بەرپرسانی دیکەی ڕێژیمە، بەڵام هیچ کات ئاماژە بە ڕێکارێکی جیددی و وڵامدەر بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی کەمئاوی لە ئێراندا ناکات.