کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەلوپەلی پزیشکی لە نەخۆشخانەکانی کوردستاندا نییە

11:46 - 13 خەزەڵوەر 2720

لەم دۆخە قەیراناوییەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە ئێران وەکوو ناوەندێک بۆ ئەو ڤایرۆسە بە هەژمار دێت، نەخۆشخانەکانی پارێزگاکانی کوردستان لەگەڵ کەمیی کەلوپەلی پزیشکی بەرەوڕوون.

لە حاڵێکدا کە کۆرۆنا گوشاری بۆ خەڵک هێناوە، کەپسوولی ئۆکسیژێن یەکێک لە گرینگترین پێداویستییەکانی نەخۆشخانەکانە کە نەبوونی لە دوو نەخۆشخانەی "فەجر" و "بوعەلی" لە مەریوان بووەتە قەیرانێک.

بەرپرسانی ئەو شارە بۆ دابینکردنی کەپسوولی گاز ڕۆژانە داوای کەپسوول لە شارەکانی "کامیاران، دیواندەرە و قوروە" دەکەن.

نەبوونی ئۆکسیژێن کە سەرەکیترین پێداویستیی نەخۆشێکی کۆرۆناییە، بووەتە هۆی نیگەرانیی نەخۆشە کۆرۆناییەکان و بنەماڵەکانیان.

هەروەها نەخۆشخانەی "کەوسەر" لە شاری ئیلام ڕاگەیەندراوێکی ڕوو لە خەڵکی ئەو پارێزگایە بڵاو کردووەتەوە کە لەو نەخۆشخانەیەدا دەزگای "سی تی ئێسکەن" و "ئێم ئاڕ ئای" بوونی نییە و خەڵک پێش ئەوەی بچنە ئەو نەخۆشخانەیە کاری "سی تی ئێسکەن" و "ئێم ئاڕ ئای" لە دەرەوە و لە ناوەندە دەرمانییەکانی دیکە ئەنجام بدەن.

ئەو نەخۆشخانە هەروەها ڕایگەیاندووە کە لە ساڵی ٩٣ تا ئێستا، بە دوای وەرگرتنی مۆڵەت بۆ دابینکردنی ئەو کەرەستانەن بەڵام هەتا ئێستاش ئەو مۆڵەتەیان پێ نەدراوە.