کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەمپەینێک بۆ دەرکردنی مۆرەیەکی ڕێژیم لە زانکۆی "ئوبرلین" لە ئامریکا پێک هات

12:04 - 15 جۆزەردان 2722

کەمپەینێک بە ناوی "دادپەروەری بۆ قوربانییان" لە بەردەم زانکۆی "ئوبرلین" لە ئامریکا بۆ دەرکردنی "محەممەد جەعفەر مەحەلاتی" تاوانبار بە پشتیوانی لە بکەرانی کوشتاری ٦٧، پێک هات.

ئەو کەمپەینە تا ئێستا سێ خۆپیشاندانی لەنێو زانکۆی "ئوبرلینـ"ـدا بەڕێوە بردووە و کۆمەڵێک چالاکی بۆ نیشاندانی جینایەتەکانی ڕێژیم بەڕێوە بردووە.

بەڕێوەبەرانی ئەو کەمپەینە هەوڵیان داوە کە ڕێژیمی ئێران زیاتر بە خوێندکارانی زانکۆ و کەسانی بەشدار لە خۆپیشاندانەکەدا بناسێنن و کەسایەتیی ڕاسەتەقینەی "محەممەد جەعفەر مەحەلاتی" وەدەر بخەن و داوای دەرکردنی ناوبراویان لەو زانکۆیە کردووە.

ئەوان وتوویانە کە بەرپرسانی ئەو زانکۆیە هەڵەیەکی گەورەیان کردووە کە ڕێگایان بە ناوبراو داوە کە لەو زانکۆیە وانە بڵێتەوە و داوای ئەوەیان کردووە کە ناوبراو دەبێ بدرێتە دادگا.

"محەممەد جەعفەر مەحەلاتی" وانەی ئیسلامناسی لە زانکۆی "ئوبرلین" دەڵێتەوە و تاوانبارە بە دەستێدابوونی لە کوشتارەکانی ساڵانی ٦٧ی هەتاوی و پشتیوانی لە بکەرانی کوشتاری ٦٧ی هەتاوی و پڕوپاگەندەی خراپ لە زانکۆدا.

بەڕێوەبەرانی ئەو کەمپەینە لە داهاتوودا دەیانەوێت پەیوەندیی زیاتر بە نوێنەرانی کۆنگرەی ئامریکاوە بگرن بۆ چالاکیی زیاتر دژ بە ڕێژیمی ئێران.

ئەو کەمپەینە لەلایەن "جیم بێنکس" نوێنەری کۆماریخوازەکانی ئامریکاوە پشتیوانیی لێ دەکرێت.