کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەڵکوەرگرتنی ڕێژیمی ئێران لە فڕۆکەی ئۆکراینی وەکوو قەڵغانی مرۆیی

12:48 - 15 پووشپەڕ 2720

"حەسەن ڕەزایی ‌فەر"، بەرپرسی پێشووی تیمی لێکۆڵینەوەی ڕووداوی فڕۆکەی ئۆکراینی لە ڕێکەوتی ١٧ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٨، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ یەکێک لە بنەماڵەی کوژراوەکانی فڕۆکەی ئۆکراینی ڕایگەیاندبوو کە یەکێک لە هۆکارەکانی دانەخرانی هێڵی ئاسمانیی ئێران لەسەر فڕۆکەی نانیزامی، نەهێنی ڕاگرتنی بەرنامەکانی سپای پاسداران بووە.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیمی ئێران، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، نەهێنی ڕاگرتنی بەرنامەی سپای پاسدارانی بۆ ئەنجامدانی هێرشی مووشکی بۆ سەر پایگای "عەینولئەسەد" لە عێراق گەڕاندەوە.

پاش چوار مانگ لە بڵاوبوونەوەی ئەو فایلە دەنگییە، ئەوە نیشان دەدات کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، لە فڕۆکەی موسافیرهەڵگر وەکوو ئامرازێک بۆ پەردەپۆشکردنی چالاکییە نیزامییەکانیان کەڵکیان وەرگرتووە و ئەم هەوڵەش وەکوو قەڵغانێکی مرۆیی بۆ پێشگیری لە هێرشی تۆڵەسەندنەوەی ئامریکا بۆ سەر ئێران کەڵکیان وەرگرتووە.

ئاشکراکردنی ئەم فایلە دەنگییە، بوو بەهۆی لابردن و  دوورخرانەوەی "حەسەن ڕەزایی‌ فەر" لە بەرپرسیاریەتیی تیمی لێکۆڵینەوەی ڕووداوی خستنە خوارەوەی فڕۆکەی موسافیرهەڵگری ئۆکراینی.

بە وتەی بەرپرسی لێکۆڵینەوەی فڕۆکە ئۆکراینییەکە، بڕیاردەرانی سەرەکیی ڕانەگرتنی هێڵی ئاسمانیی موسافیربەری لە ڕەوت و هەروەها پاش هێرشی ئاسمانیی سپای پاسداران بۆ سەر پایگاکانی عەینولئەسەد لە عێراق، شورای باڵای نەتەوەیی ئێران بووە.

بەپێی وتەکانی "ڕەزایی‌ فەر" لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، لە ئەگەری ڕاگرتنی فڕینی ژمارەی ٧٥٢، دەیان فڕینی نێوخۆیی و دەرەکی لە ئێران تووشی دواکەوتن لە کاتی خۆیدا بوون، بەو پێیەش یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی ڕانەگرتنی فڕینی فڕۆکەی موسافیربەری پاش هێرشی مووشکی، پێشگرتن لە خەسارەتی داهاتی زۆری ئەو وەزارەتخانەیە لە شوێنی فڕینەکەی بووە.