
کوردستان میدیا: نرخی ڕۆنی گیایی بە ڕێژەی ١٠ لەسەد لە بازاڕ و کارگەکاندا گرانتر بووە.
بەپێی هەواڵێکی بڵاوکراوە لە ماڵپەڕی حکوومەتیی "تەسنیم"، کارکۆمەڵی کۆنترۆڵی بازاڕ، نرخی نوێی بە کارخانەکانی ڕۆنی گیایی ڕاگەیاندووە و بە ڕێژەی ٩ هەتا ١٠ لەسەد گرانتر بووە.
کارکۆمەڵی کۆنترۆڵی بازاڕ، هۆکاری گرانبوونی ڕۆنی بۆ بەرزبوونەوەی تێچووەکانی گواستنەوەی ئەرز و نرخی مەوادی بەستەبەندی گەڕاندووەتەوە.
لە ماوەی یەکساڵی ڕابردوودا، بازاڕی ئێران گرانبوونێکی لەڕادەبەدەری بە خۆیەوە بینیوە و هەر ڕۆژەو هەواڵی گرانبوونی شتێک بڵاو دەبێتەوە.
بەشێکی زۆر لە خواردەمەنییەکان لە سفرەی خواردنی بنەماڵەکان وەلا نراون و خەڵک توانای دابینکردنیانی نییە.
هێڵی هەژاری لە ئێراندا، لە ۱۲ لەسەدەوە گەیشتووەتە ۵۰ لەسەد و نیوەی خەڵکی ئێران بەتەواوەتی لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین و بەهای هێڵی هەژاری گەیشتووەتە ۶ میلیۆن تمەن، بەڵام بەو حاڵەشەوە ڕۆژبەڕۆژ بەهای پێداویستییەکانی ژیان و نرخی بازاڕەکان، ڕوویان لە هەڵکشانێکی بەرچاو و خێرایە.