نرخی برنجی ئێرانی و هاودەکراو لە وڵاتانی دیکە دیسان بەرز بووەتەوە و بەهۆیەوە خەڵک ناچار بوونە کە ڕوو لە کڕینی پاشماوەی برنج بکەن.
ئەوە لەحاڵێکدایە کە بەڕێوەبەرانی بازاڕەکانی ئێران دەڵێن کە بە بەرزبوونەوەی نرخی برنج، بەکارهێنانی ئەو کاڵایە گەیشتووەتە نیوە.
''مەسیح کیشاوەرز'' بەرپرسی ئەنجومەنی هاوردەکارانی برنج باسی لەوە کردووە کە بەکارهێنانی برنجی هاوردەکراو لە وڵاتانی دیکە لە ساڵی ٩٩دا بەنیسبەت ساڵی ٩٨ی هەتاوی، ٥٠ لەسەد دابەزیوە و ئەمساڵیش بەکارهێنانی ئەو کاڵایە هەروا بەرەو دابەزین دەڕوات.
بە وتەی ناوبراو ساڵی ٩٨ نزیکەی یەک ملیۆن و ٦٥٠ هەزار تۆن برنج هاوردە کراوە، لەحاڵێکدا کە هاوردەکردنی برنج لە ساڵی ٩٩دا گەیشتبووە ٨٥٠ هەزار تۆن.
''کیشاوەرز'' باسی لەوە کردووە کە دابەزینی بەکارهێنانی برنج بووەتە هۆی ئەوەی کە بەکارهێنانی برنجی شکاو یان پاشماوەی برنج بەرز ببێتەوە.
بەپێچەوانەی بەڵێنی دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لەمەڕ پاراستنی سەقامگیریی نرخی کەلوپەل و خزمەتگوزارییەکان، ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ شەپۆلی نوێی گرانی سەرهەڵ دەدات کە دەرەتانی بۆ ژیانی خەڵک نەهێشتووەتەوە.