کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرانی لە ئیلام و سنه بێدەنگیی خەڵکی شکاند

11:28 - 10 سەرماوەز 2720

بەپێی ئاماری ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران پارێزگای "ئیلام" پلەی یەکەمی لە بواری گرانی و هەڵاوساندا هەیە و دۆخی نالەباری خەڵک بۆ بژێوی ژیان ناڕەزایەتیی خەڵکی لێکەوتووەتەوە.

هاووڵاتییان لە ئیلام باس لەوە دەکەن لەو دۆخەی ئێستادا کە بەهۆی کۆرۆنا بازاڕ و دووکان داخراون. دۆخی بژێوی ژیان زۆر دژوار بووە و کاربەدەستانی پێوەندیداریش بەنیسبەت گرانیی خۆرادەمەنییەکان هیچ کارێک ناکەن.

کاربەدەستانی بەڕێوەبەر لەو پارێزگایە بەنیسبەت گرانی هیچ وڵامێکی ڕوون بە خەڵک نادەن. ئەو پارێزگایە لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا بەردەوام لە دوو بواری گرانی و هەڵاوسان پلەی یەکەمی و دووهەمی لە ئاستی کوردستان و ئێراندا هەبووە.

هاووڵاتییان باس لەوە دەکەن کاربەدەستانی ڕێژیم بەنیسبەت کێشەکان تەنیا دروشم دەدەن.

لە پارێزگای "سنه" بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک و کەلوپەلەکان لە بازاڕدا هەتا ئاستێک گران بووە کە خەڵک دەڵێن تەنیا دەتوانن چاو لە خۆراکەکان بکەن.

 ڕەوتی  گرانیی شتومەکە سەرەکییەکان لە ئێراندا، ڕووی لە هەڵکشانە و خەڵکی ئێران و بەتایبەت کوردستانی ڕۆژهەڵات، لەگەڵ کێشەی جیددی بەرەڕوو بوونەتەوە.

خەڵکی کوردستان بە نیسبەت گرانیی خۆراک و شتومەکەکان، ناڕەزایەتی دەردەبڕن و داوایان کردووە، کە کاربەدەستانی ڕێژیم ئەگەر ناتوانن کێشەی ئابووریی چارەسەر بکەن، وادەی پووچ و بێبنەماش نەدەن، چونکە خەڵک لە کوردستاندا لەگەڵ دوو دیاردەی گرانفرۆشی و گرانی بەرەوڕوون.