کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرانی لە ئێراندا بەردەوام ڕووی لە زیادبوونە

23:44 - 22 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: نرخی خواردەمەنییە سەرەکییەکانی لە ئێراندا، دیسان گرانتر بوونە.

نرخی گۆشتی سوور لە بازاڕی ئێراندا لە کاتێکدا سنووری ٦٥ هەزار تمەن تێپەڕ دەکات، کە بەرپرسانی ڕێژیم کاریگەری هەڵکشان و داکشانی بازاڕی ئەرز و نرخی دۆلار ڕەت دەکەنەوە و ڕایانگەیاندووە، کە ئەرزی پێویست بۆ هاوردەکردنی گۆشتی ئاژەڵ دابین دەکرێت.

لە لایەکی دیکەشەوە ئاژەڵداران، کەمی پێداویستییەکانی ئاژەڵداری و گرانبوونی خوراکی ئاژەڵ کە لە دەرەوە هاوردە دەکرێت، بە هۆی گرانبوونی نرخی دۆلارە.

عەلیڕەزا عەزیزوڵڵاهی، بەڕێوەبەری سەندیکای ناوەندیی ئاژەڵداران، لەسەر ئەو بارودۆخە ڕایگەیاندووە، کە دەوڵەت دەبێ بازاڕ ڕێک بخات و وزارەتی جەهادی کشاوەرزی دەبێت ڕادەی گۆشتی پێویست بکڕێت و هاوردەی بکات.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، لەگەڵ نزیکبوونی ڕەمەزان، بەکارهێنانی خواردەمەنییەکان زیاد دەبێت و نرخی گۆشتی سوور هەتا سنووری ٧٠ هەزار تمەن ڕۆیشتووە و گۆشتی مریشک نزیک بە ١٠ هەزار تمەن دەفڕۆشرێت.

هەروەها، عەلی ڕەجەبی، بەرپرسی سەندیکای شیرەمەنی، باسی لەوە کردووە، کە نرخی شیرەمەنییەکان لە ساڵی ١٣٩٧ی هەتاویدا، ١٠ لەسەد زیادی کردووە و هۆکارەکەشی بە گرانبوونی نرخی دۆلاری زانیوە.

لە حاڵێکدا بازاڕی ئەرزی ئێران تووشی قەیران بووە و دۆلاری پێویست لە بازاڕەکاندا نییە و بازرگانەکان پێویستیان بە دۆلار هەیە، ڕێژیم بۆ دەستێوەردانەکانی لە ناوچەکە، ٤٥ میلیۆن دۆلاری بۆ سەرکەوتنی گرووپی تیرۆریستیی حەشدی شەعبی لە هەڵبژاردنەکانی عێراق ناردووە، کە لە سنووری خوسرەوی لە لایەن پولیسی سنووری عێراقەوە دەستی بەسەردا گیراوە.