کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرانی لە ئێران؛ ئەمجارە نرخی ئاو ٧ لەسەد گران بوو

18:45 - 6 جۆزەردان 2720

بەڕێوەبەری شیرکەتی ئاو و ئاوەڕۆی پارێزگای تاران وتوویەتی کە نرخی ئاو لە ڕێکەوتی ١٠ی بانەمەڕی ٩٩، بەپێی مۆڵەتەکانی شورای ئابووری، ٧ لەسەد بەرز بووەتەوە.

''محەممەد ڕەزا ئەحمەد نەسەب'' لە وتووێژێک لەگەڵ هەواڵدەرییەکی سەر بە ڕێژیم، وتوویەتی، بەپێی پەسەندکراوی شورای ئابووری، هەموو ساڵێک دەبێ نرخی ئاو ٧ لەسەد بەرز ببێتەوە، ئەمساڵێش وەکوو ساڵێ پێشوو ٧ لەسەد گەران بووە.

لە حاڵێکدا کە خەڵکی ئێران لە دۆخێکی نالەباری ئابووریدا ژیان بەسەر دەبەن و گوشاری گرانییەکان گەیشتووەتە ئاستێک کە خەڵکی ئەو وڵاتە توانایی کڕینی شتومەک و خواردەمەنییەکانیان نەماوە.

هەروەها، ڕێژیمی ئێران لە کاتی قەیرانی نەخۆشیی کۆرۆنا و هەژاری و نەداریی خەڵک، نرخی نانی لە هەندێک لە پارێزگاکان ٣٠ لەسەد گرانتر کرد.

نرخی ئاو و کەلوپەلەکانی دیکە لە کاتێکدا گرانتر دەبێت کە گرانی و کێشە لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکان، زۆربەی چین و توێژەکانی کۆمەڵگای گرتووەتەوە و زیاتر لە ٧٠ لەسەدی خەڵکی ئەم وڵاتە لەژێر هێڵی هەژاریدان.