کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرانی و قەیرانی خوێندن لە ئێران

14:21 - 25 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: بە هۆی چوونەسەرەوەی نرخی پێداویستییەکانی خوێندن، ئەگەری وازهێنانی زۆرێک لە قوتابییانی بنەماڵە کەم داهاتەکان لە ئارادایە.

بەپێی بەراوردێکی مەیدانی، کە لەسەر نرخی پێداویستییەکانی خوێندن لە بازاڕەکانی تاراندا کراوە، نرخی کەرەستەکان بە ئاستێک بەرز بووەتەوە کە لەوانەیە زۆرێک لە بنەماڵەکان توانای دابین کردنی ئەو پێداویستییانەیان نەبێت.

بە پێی ئەو ڕاپۆرتە مەیدانییە، نرخی هەر دەفتەرێک بۆ ١١ هەزار تمەن، هەر قەڵەمێکی ئاسایی ٦ هەزار تمەن، قەڵەمی نووک دار (مداد نوکی) ١٦ هەزار تمەن، پاک کۆن ١٠ هەزار تمەن، خودکار ١٠ هەزار تمەن، لاک ٥ هەزار تمەن، خەت کێش ٦ هەزار تمەن، قەڵەمڕەنگی ٥٠ هەزار تمەن، پووشە ٢ هەزار تمەن، جێگای قەڵەم ٢٠ هەزار تمەن، کتێبی دەرسی ٣٠ هەزار تمەن، جانتای قوتابخانە ١٠٠ هەزار تمەن و لیباسی فۆرم ٩٠ هەزار تمەن بەرز بووەتەوە.

بەو پێیە لەسەریەک نێونجی تێچووی دابینکردنی پێداویستییەکانی هەر قوتابییەک و بەڕێکردنی بۆ قۆتابخانە، دەبێتە ٣٥٦ هەزار تمەن، کە لەگەڵ ئەو بارودۆخە ئابوورییەی هەنووکە باڵی بەسەر بازارەکانی ئێراندا کێشاوە و هەروەها ئەو قەیرانی بێکارییەی کە لەو وڵاتەدا هاتووەتە ئاراوە، پێناچێت هەموو کەسێک توانای دابینکردنی ئەو شتانەی هەبێت.

ئەگەرچی بەپێی یاسای بنەڕەتی خودی ڕێژیم، دەبێ دەوڵەت هەموو ئاسانکارییەک دابین بکات بۆ ئەوەیکە خوێندن لەو وڵاتەدا تا قۆناغی دواناوەندی بە خۆڕایی و حکوومەتی بێت، بەڵام ڕێژیمی ئێران زۆرجار پارە و تێچووی قۆتابخانەکان و تەنانەت مووچەی مامۆستاکانیش لە قوتابیان وەردەگرێت.

چەند ڕۆژ لەوەو پێش موسا فەرزانیان، بەرپرسی سەندیکای پێنووس و تێنووس باسی لەوە کردبوو کە بەهۆی گرانی و کەمی ماددە سەرەتاییەکانی کارگەکانی تایبەت بە بەرهەمهێنانی پێنووس و تێنووس، ئەگەری ئەوە لە ئارادایە کە زۆربەی ئەو کارگەیانە دابخرێن.