کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرانی و گیرفانی خاڵیی خەڵک کێبڕکێ دەکەن

12:00 - 16 پووشپەڕ 2720

گرانیی خۆراک بازاڕەکانی کوردستان و ئێرانی کۆنترۆڵ کردووە و نرخی خواردمەنییەکان لە بازاڕدا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرز دەبێتەوە بەڵام ڕێژیمی ئێران هیچ هەنگاوێکی بۆ کۆنترۆڵی بازاڕ نییە.

لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا نرخی خۆراک و پێداویستییە سەرەکییەکان بەردەوام بەرز بووەتەوە و کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێرانیش بەردەوام باس لەوە دەکەن، هەڵکشانی نرخی کاڵاکان دوورە لە ڕاستی.

لەو ماوەیەدا نرخی خۆراک و پێداویستییەکان لە کەلوپەلی نێو ماڵەوە هەتا دانەوێڵە و گۆشت، بەردەوام بەرز بووەتەوە.

گرانی و نرخی خۆراک لە بازاڕدا گوشارێکی زۆری بۆ خەڵک هێناوە، بەڵام کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران باس لەوە دەکەن، گرانی لە بازاڕ لە دەستی دەڵاڵەکاندایە.

نرخی یەک کیلۆ گۆشتی مریشک ١٧ هەتا ٢٠ هەزار تمەنە کە بەم هۆیەوە بەشێک لە دووکانداران دووکانەکانیان داخستووە.

نرخی دانەوێڵەکانی وەک "باقلە، ماش، نیسک، لەپە و نۆک" هەتا ڕادەیەک بەرز بووەتەوە کە خەڵک توانای کڕینی نییە.

لە کاتێکدا نرخی پێداویستییەکان لە بازاڕدا بەرز دەبێتەوە، نرخی دۆلار بە هەمان شێوە ڕووی لە هەڵکشاندایە و هەر دۆلار لە ئێران، ٢٢ هەزار تمەنە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، گرانی لە سیستمی ئابووریی ئێران، لەجیاتیی کۆنترۆڵکردن، ڕووی لە هەڵکشان بووە و لە دوای پەسەندکردنی گەمارۆوە ئابوورییەکانی دژی ڕێژیمی ئێران نرخی کەلوپەلە سەرەتایییەکان چەند بەرابەر بەرز بووەتەوە.

گرانبوونی سەرەکیترین پێداویستییەکانی خەڵک کێشەیەکی زۆری بۆ خەڵک دروست کردووە.

بەڕێوەبەری و سیاسەتداڕێژیی بانکی ناوەندیی ڕێژیمی ئێران، نرخی دەوا و دەرمان، گەمارۆوە ئابوورییەکان و کێشەی دیکە، بوونەتە هۆی گرانی لە ئێران و کوردستاندا.