کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرانی، پەراوێزنشینیی بە دوای خۆی هێنا

11:53 - 27 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: گرانی وەکوو یەکێک لە دیاردە بەرچاوەکان لە کۆمەڵگای ئێراندا، ژیانی خەڵکی لەگەڵ کێشەی جیدی بەرەوڕوو کردووەتەوە؛ زۆربوونەوەی ڕێژەی گرانی لە ساڵی ٩٧دا، یەک میلیۆن کەسی بە پەراوێزنشینان زیاد کردووە.

عەلی کورد، لە نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیم، سەبارەت بە پەرەسەندنی گرانی و کاریگەرییەکانی لەسەر پەراوێزنشینی لە ئێراندا وتوویەتی: لە ساڵی ٩٧دا، بەگشتی ئاماری پەراوێزنشینان یەک میلیۆن کەس زیادی کردووە.

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاندووە: لە ئێراندا، هەنووکە ١٣ میلیۆن کەسی پەراوێزنشینمان هەیە و دەوڵەتیش نەیتوانیوە ئەم پرسە مودیرییەت بکات.

بەگشتی سەبارەت بە ئاماری پەراوێزنشینان، بەرپرسانی ڕێژیم هاودەنگ و کۆک نین؛ بۆ نموونه هاوینی ساڵی ڕابردوو، ڕەسووڵ خزری، لە نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، ڕێژەی ئەم کەسانەی ١٧ میلیۆن کەس ڕاگەیاندبوو و وتبووی: یەک لەسەر پێنجی حەشیمەتی ئێران، پەراوێزنشینن و خەسارە کۆمەڵایەتییەکانی پێوەندیدار بە پەراوێزنشینیش لە حاڵی زیادبوونەوەدان.

 ئەمە لە حاڵێکدایه، که لە مانگی گەلاوێژی ساڵی ٩٧دا، فەرید بەراتی، جێگری پێشگرتن و دەرمانی ڕێکخراوی بێهزیستیی ئێران، وتبووی: لە ئێراندا، ١٩ میلیۆن پەراوێزنشین و ٣ هەزار ناوچەی پەراوێزخراومان هەیە.

دیاردەگەلێکی وەکوو بێکاری، هەژاری و گرانی، کە سەرچاوەگرتوو لە دۆخی نالەباری ئابوورین ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە ئێراندا پەرە دەستێنن و ژیانی خەڵک تووشی خەسارە کۆمەڵایەتییەکان وەکوو: خۆکوژی، کوشتن ، دزی و دەیان دیاردەی دیکە دەکەن، بەرپرسانی ڕێژیمیش وەکوو هەمیشە لە جیاتی بەکار‌هێنانی سامانی ئێران بۆ دابینکردنی ژیانی خەڵک و مودیرییەتی قەیرانەکان، دەست لە گەیاندنی یارمەتی بە وڵاتانی دیکه و گرووپە تێرۆریستییەکان هەڵ ناگرن و درێژه بە کردەوە ئاژاوەگێڕانەکانی خۆیان دەدەن.