کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرووپی "دووچەرخەسەواریی شنۆ" پشتیوانیی خۆیان لە کەمپەینی ڕزگارکردنی چۆمی "گادەر" دەربڕی

11:29 - 29 خەزەڵوەر 2721

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٨ی خەزەڵوەر، گرووپی دووچەرخەسەواریی شاری شنۆ بە ئامادەبوون لە چۆمی گادەر، پشتیوانیی خۆیان لە کەمپەینی ڕزگارکردنی چۆمی گادەر دەربڕی.

"ئەیووب محەممەد حەسەن" بەڕێوەبەری ئەو گرووپە بە نوێنەرایەتیی ئەندامانی گرووپ، چەند وتەیەکی سەبارەت بە کاولکاریی چۆمی گادەر پێشکەشی ئامادەبووان کرد و وتی: "پاراستنی چۆمی گادەر و ژینگە ئەرکی ئێمەیە و پێویستە لە بەرانبەر ئەو ئەرکەدا هەنگاو هەڵێنینەوە".

پاشان بەشداربووان بە دروشمی "گادەر سەرچاوەی ژیانە" ناڕەزایەتیی خۆیان بەنیسبەت کاولکاریی چۆمی گادەر دەربڕی و پشتیوانیی خۆیان لەو کەمپەینە دووپات کردەوە.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەشێک لە چالاکانی مەدەنی، ژینگەیی و خەڵکی وەزاڵەهاتووی شنۆ و دەوروبەری، کەمپەینێکیان بە مەبەستی پێشگرتن لە درێژەپێدانی هەڵگرتنی لەڕادەبەدەری خیز لە چۆمی "گادەر" پێک هێنا.

لەو کەمپەینەدا داوا لە هاووڵاتییان کراوە کە بەنیسبەت هەڵگرتنی خیز لە گادەر زیاتر هەست بە بەرپرسیاریەتی بکەن و بەرپرسانیش کۆتایی بە پێدانی ئیجازەنامە بۆ هەڵگرتنی خیز بێنن.