کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرووپی ''زەینەبییەکانـ''ـی یەمەن ژنانی ئەو وڵاته ئازار و ئەشکەنجە دەدەن

17:00 - 6 خەرمانان 2720

میلیشا چەکدارەکانی حوسی لە یەمەن سەرەڕای کوشتاری خەڵک و منداڵان، ژنانی یەمەنی ئازار و ئەشکەنجە دەدەن و لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی چالاک لە بوارەکانی سیاسی، ماف، میدیایی و هەروەها نوێنەرانی دامەزراوە خەڵکییەکان و ڕێکخراوەکانی پێوەندیدار بە ژنان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکان زیندانی و ئەشکەنجە کراون.

حوسییەکان بۆ ئازار و ئەشکەنجەی ژنانی زیندانی لە گرووپێک لەژیر ناوی ''زەینەبییەکان'' کەڵک وەردەگرن کە لەلایەن حیزبوڵڵای لوبنان و سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانەوە مەشق و ڕاهێنانی نیزامییان پێ کراوە.

بەهۆی ئەم ئازار و ئەشکەنجەیە ژمارەیەک لەو ژنانە گیانیان لەدەست دەدەن و ژمارەیەکیش دەستدرێژیی جنسییان کراوەتە سەر و خۆیان و بنەماڵەکەشیان هەڕەشەیان لێکراوە یان لەسەر کارەکانیان دەر کراون.

گوردانی ''زەینەبییەکان'' لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٧ لە دوای تێکهەڵچوونەکانی نێوان حوسییەکان و ''عەلی عەبدوڵڵا ساڵح'' لە سەنعا دامەزرا. ئەرکی ئەم گوردانە ئەوە بوو کە بزووتنەوە مافخوازییەکانی ژنانی یەمەن سەرکوت بکات.

ڕێژەی هێزەکانی گوردانی ''زەینەبییەکان'' لەلایەن ڕێکخراوی ''سام'' کە بۆ ماف و ئازادییەکان کار دەکات، نزیکەی ٤ هەزار کەس ڕاگەیەندراوە کە هەندێکیان لە ئێران و لوبنان لەلایەن حیزبوڵڵا و سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە ڕاهێنانیان پێ کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتە مەیدانییەکان، هەتا ئێستا لەنێوان ٢٥٠ هەتا ٣٥٠ ژن لە زیندانە شاراوەکانی حوسییەکاندان.

هەروەها ڕێکخراوی بەرەنگاری لەگەڵ بازرگانیی مرۆڤ لە یەمەن لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە هەتا ئێستا ١٢٠ ژن لە سەنعا بێسەروشوێن بوونە.