دوو ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی "سەوزی چیا" و "پاژین" و گرووپی شاخەوانیی "کۆیار" بۆ بەرزڕاگرتنی ڕۆژی جیهانیی ژینگە، چالاکییەکی شاخەوانییان لە کێوی میراجیی مەریوان بەڕێوە برد.
ڕۆژی هەینی ١٦ی جۆزەردان، گردبوونەوەیەکی شاخەوانی لە کێوی "میراجی" سەر بە مەریوان، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی ژینگه و بە هاوکاریی "گرووپی شاخەوانیی ئەنجومەنی سەوزی چیا" و "ئەنجومەنی پاژینی بانە" و "گرووپی شاخەوانیی کۆیار" بەڕێوە چوو.
لە ڕۆژی ۵ی ژوئەن کە بە ڕۆژی جیهانیی ژینگە ناوزەد کراوە، بۆ ڕێزگرتن لەم ڕۆژە، گرووپی شاخەوانیی "سەوزی چیا"، بە هاوکاری ئەنجومەنی "پاژینـ"ـی بانە و گرووپی شاخەوانی "کۆیار" بە سەر کەوتن بەسەر کێوی "میراجی"، ڕۆژی جیهانیی ژینگەیان بەرز و پیرۆز ڕاگرت.
مەبەست لە ناونانی ئەم ڕۆژە، تێفکرینی زیاتری خەڵکە لە ژینگە و گرتنەبەری ڕێوشوێنێکی تایبەت بۆ بەرگری لە کاولکارییەکانی ژینگەیی کە بەداخەوە هەموو ساڵێک بەهۆی زۆرتربوون و بەرفراوانبوونەوەی قەیرانە ژینگەییەکان، پەرەسەندنی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت و هەر ئەم بابەتیشە چالاکان و ڕێکخراوە ژینگەییەکانی جیهانی نیگەران کردووە.