کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرووپێکی چەکداری نەناسراو گوشاریان خستووتەسەر مەڕدارانی دەورووبەری چلچەمە

12:34 - 23 پووشپەڕ 2720

گرووپێکی چەکداری نەناسراو هەڵیانکوتاوەتە سەر مەڕدارێکی خەڵکی ئاوایی "کێلە کەوو" سەر بە ساراڵی "دیواندەرە" لە دەورووبەری کێوی چلچەمە و بە زۆر پارەیان لێ سەندووە.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا گرووپێکی چەکداریی نەناسراو سەرەڕای هەڕەشە و ترساندنی مەڕدارانی گوندەکانی دەورووبەری "چلچەمە" بە زۆر بڕی یازدە میلیۆن تمەن پارەیان لە مەڕدارێکی خەڵکی ئاوایی "کێلە کەوو" وەرگرتووە.

پێشتر بەهۆی تۆپبارانی سپای تێرۆریستیی پاسداران لە مانۆڕی چلچەمەدا، ٢٥ سەر مەڕی ئەو مەڕدارەی خەڵکی ئاوایی "کێلە کەوو" لەناوچوونە و زیانێکی زۆر بەر مەڕدارەکان و دانیشتووانی ئەو ئاواییانە کەوتووە.

مەڕدارەکانی خەڵکی ئاوایی "کێلە کەوو" لە مۆڵگەیەکی سپادا لەسەر هەڕەمەکی تۆپبارانکردنی ناوچەکە سکاڵایان تۆمار کردووە؛ بەڵام لەلایەن بەکرێگیراوان و پاسدارەکانی ئەو مۆڵگەیەوە بە بێڕێزی وڵامی خەڵکدراوەتەوە و هەڵسووکەوتیان لەگەڵدا کراوە.

لەماوەی مانگی ڕابردوودا سپای تێرۆریستیی پاسداران بە بەڕێوەبردنی مانۆڕێکی سەربازی لەو ناوچەیە زەرەر و زیانێکی زۆری بە مەڕدار و شەگەلدارەکانی ئاواییەکانی دەورووبەری چلچەمە گەیاندووە و کەشوهەوایەکی ئەمنیەتییان بەسەر خەڵکی ئەو ناوچەیەدا زاڵ کردووە.

هەروەها لە ئاوایی "گۆگجە" سەر بە سەرشیوی "مەریوان" سپای تێرۆریستیی پاسداران بە دانانی پێنج مۆڵگەی نوێ لە کێوەکانی وەک "سوڵتان ئەغزەتوو، دوو برا، ملەی کەلەبا، سەرین بازاڕەکە و قادر کوژراو" کەشێکی ئەمنییەتی و نیزامیان زاڵ کردووە.

هەروەها لە ئاوایی "گوگجە"دا سپای تێرۆریستیی پاسداران سەرەڕای گوشار بۆسەر مەڕدارەکانی ئەو ئاواییە، مزگەوت و قوتابخانەکەشی داگیر کردووە و هێزەکانی خۆی تێدا مۆڵ داوە، لە شوێنی هاتوچوی خەڵک بۆسەر زەوی و زار و کارەکەیان خاڵی پشکنینی داناوە و بە لێپێچینەوە و پرسیارکردن لە خەڵک خەڵکیان وە زاڵە هێناوە.

"چلچەمە" کێوێکی بەرزە کە لە نێوان شارەکانی دیواندەرە و سەقز و مەریواندا هەڵکەوتووە و خاوەن لەوەڕگە و لێڕەوارێکی زۆرە کە بۆ پیشەی مەڕداری شوێنێکی شیاو و بەکەڵکە و خەڵکی ئاواییەکانی دەورووبەری بە ئاژەڵداری و مەڕدارییەوە سەرقاڵن.

بەڵام ماوەی چەند ساڵێکە سپای تێرۆریستیی پاسداران بەبیانووی جۆراجۆرەوە بە وەرگرتنی پارەی زۆرەملێ لە خەڵکی ئەو دەڤەرە خەڵکیان ناچار کردووە یان واز لە پیشەکەیان بێنن یان دەبێت ئەو گوشار و هەڕاشانە قبووڵ بکەن.