کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرووپەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، هەڕەشە لە ئێماراتی یەکگرتووی عەرەبی دەکەن

17:32 - 2 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ڕێگای گرووپی ئەنساروڵڵای یەمەنەوە، هەڕەشەی لێدانی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبیی کرد.

بەپێی ڕاپۆرتێک کە ڕۆژی سێشەممە، ٢ی ڕەزبەر، لە ڕۆژنامەی کەیهان، سەر بە ڕێژیم، بڵاو بووەتەوە، گرووپی تێرۆریستیی ''ئەنساروڵڵا'' کە بەشێک لە حوسییەکانی یەمەنن و لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانییان لێدەکرێت، هەڕەشەی لە وڵاتی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی کرد.

''سوڵتان ئەلسامێعی''، ئەندامی شورای باڵای سیاسیی گرووپی ئەنساروڵڵای یەمەن، هۆشداریی بە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی دا کە ئەگەر ئەو وڵاتە پێداچوونەوە بەسەر لێکدانەوەکانی خۆیدا نەکات، تووشی زیانێکی قورس دەبێت.

ناوبراو لە هەڕشەیەکدا وتوویەتی: "بە شێوەیەک هێرش دەکەینە سەر ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی کە ئەو وڵاتە چەندین دەیە بۆ ڕابردوو بگەڕێتەوە".

هەروەها، ڕێبەری گرووپی تێرۆریستیی ئەنساروڵڵا، ڕۆژی شەممە، ٣٠ی خەرمانان، هۆشداریی دابوو کە ئەگەر ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی هێرشەکانی بە دژی ئیمە ڕانەگرێت، هیچ هێڵێکی سوور بۆ کردنە ئامانجی ئەو وڵاتە بەفەرمی ناناسین.