کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرژییەکانی نێوان ئامریکا و ئێران؛ نرخی زێڕ و نەوت بەرز بووەوە

11:38 - 17 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: دوای بەرزبوونەوەی گرژییەکان لە نێوان ئامریکا و ڕێژیمی ئێران و هەروەها نیگەرانی لە ئەگەری ڕوودانی شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، نرخی جیهانیی نەوت و زێڕ بەرز بووەوە و نرخی پشکەکان لە بازاڕەکانی بورسی جیهاندا دابەزی.

دوای کوژرانی قاسم سلێمانی و بەرزبوونەوەی گرژییەکان لە نێوان ئێران و ئامریکا کە باس لە ئەگەری ڕوودانی شەڕ دەکرێت، ڕۆژی دووشەممە، ١٦ی بەفرانبار، نێونجی نرخی پشکەکان لە بازاڕەکانی بورسی جیهان دابەزیوە و نرخی نەوت و زێڕ بەرز بووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئەم گرژییانە، مەترسییەکان لە بازاڕی ماڵیی جیهاندا و یەک لەوان نیگەرانی لە هەمبەر گواستنەوەی نەوتی بەرز کردووەتەوە.

 دانڵد ترامپ، سەرکۆماری ئامریکا، هەڕشەی لە ڕێژیمی ئێران کردووە کە هێرش بۆ سەر فەرمانبەران، بەرژەوەندییەکانی و شەریکەکانی، بە توندترین شێوە وڵام دەدرێتەوە.

بەپێی سەرچاوەکان، گۆڕانکارییەکانی بازاڕی ماڵی دەرخەری ئەوەیە کە سەرمایەداران نیگەرانییەکی توندیان هەیە، لە کاتی قەیرانەکانی هاوشێوە، سەرمایەداران لە پشکەکان دەکشێنەوە و ڕوو لە کڕینی زێڕ دەکەن.

نرخی هەر برمیل نەوتی ''وێست تێگزاس'' گەیشتووەتە ٦٤ دۆلار و ٧٢ سێنت کە بەررزترین نەرخ لە مانگی ئاوریلە. نرخی نەوتی خاوی "برێنت" لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ نزیکەی ٦ لەسەد گەشەی کردووە.

هەروەها نرخی هەر ئۆنس زێڕ گەیشتە ١٥٧٩ دۆلار کە لە ٧ ساڵی ڕابردوودا بەرزترین نرخە.

دابەزینی نرخی پشکەکان لە بازاڕی بورسی ئاڵمان ١.٤ لەسەد، لە بازاڕی فەرانسە نزیک ٠.٩ لەسەد و لە بازاڕی ئامریکا نیو لەسەد بووە.

دابەزینی نێونجی نرخی پشکەکان لە بازاڕەکانی ئاسیا کە بە نەوتی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لێکگرێدراوە، زیاتر بوو. لە بازاڕی بورسی تۆکیۆ نرخی پشکەکان دو لەسەد و لە بازاڕی کۆرەی باشوور نزیکەی یەک لەسەد دابەزیوە.