کوردستان میدیا: بە بۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ، ساڵیادی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە شارەکانی کوردستان، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، شەوی چوارشەممە، ١٦ی گەلاوێژ، ئەندامانی تێکۆشەر و دڵسۆزی حیزبی دێموکرات لە شارەکانی سنە و کامیاران، بە بۆنەی ٧٤ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، چالاکیی بەرینی تەبلیغییان ئەنجام دا.
قارەمانانی دێموکرات لە شاری سنە، بە بۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ، بە هەڵدانی ئاڵای پیرۆزی کوردستان و دانانی جامانە و هەروەها بڵاوکردنەوەی تراکت و وێنەی ڕێبەرانی شەهید، چالاکیی تەبلیغییان بەڕیوە برد.
تێکۆشەرانی دێموکرات لەم چالاکییەدا، وەفاداریی خۆیان بە ڕێبازی شەهیدان دەربڕی و ڕایانگەیاند: ''سوێند دەخۆم و بەڵێنی دەدەم بە خاکی پیرۆزی کوردستان، بە ئاڵای هێمای نەتەوەیی و نیشتمانم، بە گیانی پاکی شەهیدانی ڕزگاریی کوردستان، تا دواهەناسەی ژینم، پارێزەری ڕاستەقینەی خاک و سەروەریی گەل و نیشتمانەکەم بم''.
هەر بەم بۆنەوە، ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە شاری کامیاران، بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پۆستێری تایبەت بەم ڕۆژە، بە شێوەیەکی بەرین، چالاکییان ئەنجام دا.