کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گومرۆکی "سێرۆ" سوودی بۆ خەڵک نییە

11:14 - 29 رەزبەر 2720

گومرۆکی "سێرۆ" کە لە پارێزگای ورمێ هەڵکەتووە، لە بواری ئابوورییەوە هیچ قازانجی بۆ خەڵک نییە و تەنیا خەڵک دەتوانن بە چەمەدان هەندێک کەلوپەل لە گومرۆکەوە بگوازنەوە.

دانیشتووانی ناوچەی "سۆما و برادۆست" باس لەوە دەکەن، چەند دەیەیە کە لە گومرۆکی "سێرۆ"، خەڵک تەنیا بە چەمەدان ئاڵووێری بازرگانی دەکات و داهاتێکی بەرچاوی نییە.

لەلایەکی دیکەوە هاووڵاتییان باس لەوە دەکەن، باجی گومرۆک لەسەر هەموو کاڵاکان بەردەوام بەرز دەبێتەوە کە تەنانەت بازرگانەکانیش قازانج لە هەناردە و هاوردە ناکەن.

دانیشتووانی "سۆما و برادۆست" باس لەوەش دەکەن، سیاسەتە ئابوورییەکانی دەسەڵات بووەتەوە هۆی ئەوەیکە لاوانێکی زۆر بێکار بن.

لەو ناوچەیە هیچ کارگە و کارخانەیەک نییە و تەنیا هیوای خەڵک ئەوەیە بتوانن لەو گومرۆکە کار بکەن، بەڵام ئەوەش بۆیان جێبەجێ نابێت.

سەرەڕای ئەوەیکە ئەو گومرۆکە شوێنێکی باشە بۆ پەرەپێدانی بواری ئابووری، بەڵام لەو گومرۆکە تەنیا ماشین کۆ بووەتەوە و هەندێک جاریش پارەی تورکیە دەگۆڕدرێتەوە.

ماوەی چەندین ساڵە بڕیارە ئەو شوێنە ببێتە ناوچەیەکی ئازادی بازرگانی، بەڵام وادەکان لەسەر کاغەز ماونەتەوە.

خەڵک دەڵێن: "گومرۆک دەبێ ببێتە هۆی بوژانەوەی ئابووری، بەڵام لێرە بووەتە هۆی بێکاریی خەڵک".