کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوندنشینەکان داهاتی مانگانەیان کەمتر لە ٥٠٠ هەزار تمەنە

18:25 - 11 گەلاوێژ 2720

داهاتی مانگانەی زیاتر لە ٢ ملیۆن گوندنشین لە کوردستان و ئێران کەمتر لە ٥٠٠ هەزار تمەنە و خراپترین دۆخی ئابوورییان هەیە.

بەپێی ئامارەکانی ناوەندی ئاماری ئێران، ساڵی ڕابردوو نێونجیی داهاتی گوندنشینەکان لە کوردستان و ئێران ٢٩ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار تمەن بووە.

بەپێی ئەو ئامارە مانگانە داهاتی هەر بنەماڵەیەک لە گوندەکان ٢.٥ ملیۆن تمەن بووە.

لە کاتێکدا کە داهاتی زیاتر لە ٢ ملیۆن بنەماڵە کەمتر لە ٥٠٠ هەزار تمەن بووە، مووچەی مانگانەی  ژمارەیەک لە کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران گەیشتووەتە نزیک بە ٣٠ ملیۆن تمەن.

تێچووی ژیان لە ئێران و کوردستان بەردەوام بەرز بووەتەوە و نرخی هەندێک لە پێداویستییەکان لەنێوان ٥٠ بۆ ١٠٠ لەسەد هەڵکشاوە.

ئەم مەسەلەیه سنوورێکی بۆ هێڵی هەژاریی ڕێژەیی و هێڵی هەژاریی ڕەها نەهێشتووەتەوە و گوشارەکانی بۆ سەر بنەماڵە کەمداهاتەکان چەند بەرابەر زیاتر کردووە.

ساڵی ٩٦ی هەتاوی یاسای ڕەخساندنی هەلی کار بۆ گوندەکان پەسند کرا و ١.٥ میلیارد دۆلار بۆ ئەو یاسایە تەرخان کرا.

کاربەدستانی ڕێژیم باسیان لەوە کردووە، ڕەخساندنی هەلی کار بە دانی وام بە خەڵکی گوندەکان گەڵاڵەیەکی زۆر سەرکەوتوو بووە، بەڵام ڕاستییەکان دەرخەری ئەوەیە بەشێکی زۆر لە دانیشتووانی گوندەکان هەر وامیان پێ نەدراوە.