کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٥٢ گوندی "دڵفان" لەگەڵ کێشەی ڕێگای هاتوچۆ بەرەوڕوون

12:03 - 5 بانەمەڕ 2721

"نوورەدین دەرمنان" فەرمانداری شاری "دڵفان" وتوویەتی، ٥٢ گوندی شاری "دڵفان" کە هەر گوندێک زیاتر لە ٢٠ بنەماڵەی هەیە، ڕێگای باش و گونجاویان بۆ هاتوچۆ نییە.

کاربەدەستانی ڕێژیم ساڵی ڕابردوو ڕایانگەیاندبوو، زیاتر لە ٣٦٠ کیلۆمیتر لە ڕێگای گوندەکانی شاری "دڵفان" خاکییە و ئاسفاڵت نەکراون.

بەهۆی نەبوونی ڕێگای گونجاو بۆ هاتوچۆ خەڵکی ئەو گوندانە تووشی کێشە بوونە و زۆربەی خەڵک بەهۆی دەسپێڕانەگەیشتن بە خزمەتگوزارییەکان ناچارن بۆ شارەکان کۆچ بکەن.

"یەحیا ئیبراهیمی" نوێنەری "دڵفان" وتوویەتی، بڕیار بووە بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاریی گوندەکانی "دڵفان" بودجەیەکی تایبەت بۆ ئەو ناوچەیە دابین بکەن، بەڵام لەو بودجەیە بڕی ٢٠٠ میلیارد تمەنی لێ خوراوە.

"ئیبراهیمی" هەروەها وتوویەتی، جگە لە نەبوونی ڕێگا بۆ هاتوچۆ زۆربەی پردەکانی ئەو ناوچەیە خراپ بوونە و هیچ هەوڵێک بۆ دروستکردنەوەی ئەو پردانە نەدراوە کە ساڵانە دەبنە هۆکاری خەسارەکانی گیانی و ماڵی.