کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوندی "ساوەرک" چۆڵ دەکرێت

18:39 - 11 پووشپەڕ 2720

یەکێک لە گوندەکانی شاری "سەرباز" لە پارێزگای "سیستان و بەلووچستان" لەبەر کەمیی خزمەتگوزاری، بەتایبەت نەبوونی ئاو، چۆڵ دەکرێت.

گوندی"ساوەرک" سەر بە شارستانی سەرباز کە یەکێک لە کۆنترین گوندەکانی ئەم پارێزگایەیە، لەبەر نەبوونی خزمەتگوزاری، وردە وردە چۆڵ دەکرێت.

ئەم ئاواییە کە پێشتر نزیک بە ٩٠ هەتا ٨٠ خانوار لێی نیشتەجێ بوون، ئیستا خەڵک لەبەر نەبوونی پێداویستییە سەرەتاییەکانی وەکوو ئاوی خواردنەوەی خاوێن، قوتابخانە و ناوەندی دەرمانی، ئەم گوندە چۆڵ دەکەن.

دانیشتووانی ئەم گوندە بەهۆی نەبوونی ئەو خزمەتگوزارییانە ناچار بوون بۆ شارەکانی دیکە کۆچ بکەن.

لە ئێستادا حەشیمەتی ئەم گوندە گەیشتووەتە ٣٥ خانوار. دانیشتووانی گوندی "ساوەرک" باس لەوە دەکەن،  پێشتر بۆڕی ئاوی خواردنەوەیان هەبووە، بەڵام بەهۆی کۆن ‌بوونیەوە ڕزیوە و هەتا ئێستا ئەم کێشەیە چارەسەر نەکراوە.

نەبوونی خزمەتگوزاری لەم گوندەدا بووەتە هۆی ئەوەیکە خەڵکی "ساوەرک" ژیانێکی زۆر سەختیان هەبێت.

کاربەدەستانی ڕێژیم لە وڵامی داواکارییەکانی خەڵک بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە باس لەوە دەکەن کە بودجەیان نییە.