کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٤ گوندی شارستانی ئیسلام ئابادی غەرب، ئاوی خواردنەوەیان نییە

17:39 - 27 جۆزەردان 2714

کوردستان میدیا: ٢٤ گوند لە شارستانی ئیسلام ئابادی غەرب بەهۆی کەمتەرخەمیی بەرپرسانی رێژیمی ئێران، لە خزمەتگوزاریی ئاوی خواردنەوە و سیستەمی بۆری ئاو بێبەشن.
هەواڵدەرییەکانی کرماشان بڵاویان کردووەتەوە، سەرەڕای ئەوەی کە شارستانی ئیسلام ئابادی غەرب سەرچاوەیەکی بەرفراوانی ئاوی سروشتیی هەیە، بەڵام ٢٤ گوندی لە ئاوی خواردنەوە بێ بەشن و لەو بارەوە هیچ چەشنە خزمەتگوزارییەکیان بۆ نەکراوە.

بێبەشیی هاووڵاتییان و دانیشتوانی ئەو ٢٤ گوندە لە کاتێک دایە کە بەرپرسانی پێوەندیداری رێژیم لەو گرفتە ئاگادارن و سەرەڕای دانی بەڵێنیی جۆراوجۆر و زریقەدار، هیچ هەوڵێکیان لەمەڕ چارەسەریی ئەو کێشەیە نەداوە.

نەبوونی ئاوی تەندروست لە بەشێک لە گوندەکانی شارستانی ئیسلام ئابادی غەرب و ناچاربوونی هاووڵاتییان بە خواردنەوەی ئاوی ناتەندروست، کۆمەڵێک نەخۆشیی بە دوای خۆیدا دێنیت کە ئاسەواری زیانبارتری بۆ سەر هاووڵاتییان دەبێت.

لە ئەنجامی خواردنەوەی ئاوی ناتەندروست کۆمەڵێک نەخۆشی وەکوو کولێرا، گرانەتا و سکچوونی میکرۆبی تووشی مرۆڤ دەبن و چالاکیی ئەندامەکانی گورچیلە، دەمارەکان، جەرگ و هەناو ئاڵۆز دەکات.

کۆمەڵەی گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بڕیارنامەی پەسندکراوی ساڵی ٢٠١١ی زایینی، دەستڕاگەیشتن بە ئاوی تەندروست وەکوو بەشێک لە مافەکانی مرۆڤ لە قەڵەم داوە.

ماددەی ١١ی جاڕنامەی نێودەوڵەتیی مافی ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی، راشکاوانە مافی ژیانێکی خۆشگوزەران بۆ خۆیان و بنەماڵەکانیان کە خۆراک، پۆشاک و سەرپەنای پێویست بە فەرمی دەناسێت.

بەندی \'\'ب\'\'ی ماددەی ١٢ی ئەو جاڕنامەیە، دەوڵەتەکان لە گرتنەبەری تێکڕای رێوشوێنەکان لەمەڕ باشترکردنی ژینگە و تەندروستیی پیشەیی هاووڵاتییان بە بەرپرسیار دەزانێت.