کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوندی ئۆخسەر لە "قوتابخانە و خانە بێهداشتـ"ـی گونجاو بێبەشە

11:05 - 20 رێبەندان 2721

گوندی "ئۆخسەر"ی سەر بە پارێزگای ورمێ لە خانە بێهداشت و قوتابخانەیەکی گونجاو بێبەشە و ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەیکە دانیشتووانی ئەو گوندە لەگەڵ کێشەگەلێکی زۆر بەرەوڕوو ببنەوە.

نەبوونی قوتابخانەیەکی گونجاو بووەتە هۆی ئەوەیکە بەشێک لە قوتابییان واز لە خوێندن بهێنن یان ئەوەیکە بۆ گوندەکانی دەوروبەرهاتوچۆ بکەن کە ئەوەش خۆی مەترسیی ڕووداوی هاتوچۆی لەسەرە.

نەبوونی قوتابخانە و خانە بێهداشتی گونجاو لە گوندی "ئۆخسەر" لە حاڵێکدایە کە ئەو گوندە لەگەڵ شاری نەغەدە تەنیا چوار کیلۆمیتر مەودای هەیە.

سەرانەی فەزای خوێندن لە ئێران ٥.١٨ میتری چوارگۆشە بۆ قوتابییەکە و ئەو سەرانەیەش لە پارێزگای ورمێ لەوە کەمترە، هەروەها زۆربەی شار و گوندەکانی کوردستان لەگەڵ کەمیی پزیشکی پسپۆڕ و بنکەکانی تەندروستی بەرەوڕوون.